میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، سەردانە فەرمییەکەی بۆ وڵاتی سویسرا هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان تاران و واشنتن کە بڕیارە سبەی هەینی بەڕێوەبچێت.
تەلەفزیۆنی فەرمی پاکستان ڕایگەیاند: “سەردانە بڕیاردراوەکەی سەرۆک وەزیران شەهباز شەریف بۆ سویسرا بەبێ دیاریکردنی هیچ هۆکارێک هەڵوەشێندراوەتەوە، و لەبری ئەو، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی پاکستان نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەکەی سویسرادا دەکات.” ئاماژەی بەوەش کردووە کە دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە جیاواز دەستپێدەکەن.
کۆبوونەوەی لوتکە لە هاوینەهەواری “بۆرگنبستۆک”
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا پشتڕاستی کردەوە کە سبەی هەینی، دانوستانە سەرەتاییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری شاخاویی “بۆرگنبستۆک” بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆبوونەوەیەش دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربرەستی نێوان تاران و واشنتن دێت.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە:
”تاوەکو ئێستا پلانەکە وەک خۆیەتی بۆ سازدانی کۆبوونەوەکەی سبەی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە ئامادەبوونی هەردوو وڵاتی نێوەندگیر (پاکستان و قەتەر) و چەند وڵاتێکی دیکەی پەیوەندیدار، بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستانی سەرەتایی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.”
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. بەپێی یاداشتەکە:
کۆماری ئیسلامی ئێران: پابەند دەبێت بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی دانوستانەکانی داهاتوودا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: لە بەرامبەردا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت.

