سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، ئەمڕۆ سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمی دەستاودەستکردنی پۆستی لە نێوان پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی “نزار حوسێن” و پارێزگاری پێشوو “عەلی موحسین ئەلعەلاق” کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا: سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازیی بانکی کردەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی دارایی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری ئابووری و وەبەرهێنان. هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی هاوتەریببوون لەگەڵ گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکانی جیهان و جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە سیاسەتی داراییدا.
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: زەیدی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی ئەلعەلاق لە ماوەی ڕابردوودا دەربڕی، و بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی وەک “ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکه، زەیدی لە کۆتاییدا راسپاردەی پێویستی کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان کە کارایی دامەزراوەیی بەهێز دەکەن و پشتگیری لە سیستمی دارایی و بانکیی عێراق دەکەن.

