ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی مامەڵەکانی هەفتە لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت شەپۆلی پاشەکشەی چەند ڕۆژی ڕابردوویان ڕاگرت و ڕوویان لە هەڵکشان کردەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی خێرا بۆ تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕەی ئاراستەی بازاڕ دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمریکا و ئێران هێرشیان کردە سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی یەکتر، ئەمەش دووبارە نیگەرانیی لای بازرگانان و وەبەرهێنەران دروستکردەوە سەبارەت بە ئەگەری پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوە و کەمبوونەوەی دابینکردنی وزە.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 72.27 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی کاتی داخستنی بازاڕ لە کۆتایی هەفتەدا (71.99 دۆلار) بە بڕی 0.28 دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش هەڵکشانی بەخۆوە بینی و گەیشتە 69.77 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دواین ئاماری تۆمارکراو (69.23 دۆلار) بەرزبوونەوەیەکی 0.54 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم پێشهاتە سەربازییە نوێیانە جارێکی تر کەشێکی نادڵنیاییان بەسەر بازاڕەکانی وزەدا سەپاند، کە بەهۆیەوە فشاری کڕین لەسەر گرێبەستە دواخراوەکانی نەوت زیادی کرد و بووە هۆی تۆمارکردنی ئەم بەرزبوونەوەیە لە یەکەم ڕۆژی مامەڵەکانی هەفتەدا.

