zagros news agency

ڕۆژێکی زیندوو لە یادی نەتەوەیەکدا

فازل میرانی

لە سەدەی بیستەمدا کورد چەندین سەرکردەی گەورە و ڕابەری بەژنبڵندی بە خۆوە بینی. لەنێو تێکڕای سەرکردەکاندا جەنابی مستەفا بارزانی وەک کارێزما و هەڵگر و نوێنەری ناسنامەی نەتەوەیەک، ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری لە ڕابەرایەتیکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەبوو. لە کوردستانی مەزن بە هەر چوار پارچەکەی، وەک ڕابەر و سەرکردەی ڕۆحی و ئیلهامبەخشی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی، جێی خۆی لە نێو دڵ و دەروونی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیدا بۆ هەمیشە گرت. هاوکات لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەییدا وەک سیمبوڵ و ناسنامەی کورد قبووڵ کرا. خەباتی بەردەوامی مستەفا بارزانی نەمر هەر لە شۆڕشەکانی بارزان و بەشداریکردنی کارای لە داکۆکیکردن لە کۆماری دیموکراتی کوردستان، دواتر ڕێڕۆیشتنە مەزنەکەی بە یاوەریی سەدان کەس لە هەڤاڵانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت و پاشان گەڕانەوەی بەرەو نیشتمان، ئینجا ڕابەرایەتیکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول؛ هەموو ئەمانە بوون بە گوژمەیەکی سەنگین لە سەروەری، هەم بۆ ناساندنی کورد و تێکۆشانەکەی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، هەمیش وەک تۆمارێکی پڕ لە شانازی و شکۆ بۆ سەرکردەیەک، کە تەواوی تەمەنی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەروەری بۆ وڵات و نەتەوەکەی تەرخان کرد.
ڕۆژی ١ی ئاداری ١٩٧٩ لە مێژووی نەتەوەی کورد و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، ڕۆژێکی بەسوێ و پڕ لە ئازارە، چونکە لەو ڕۆژەدا ئەستێرەی تەمەنی ڕابەر و سەرکردەی مەزنی نەتەوە، مستەفا بارزانی لە دووروڵاتدا ئاوابوو. تەمەنێک کە هەر هەمووی خرایە خزمەتی خەبات و تێکۆشان لەپێناوی نەتەوە و وڵاتدا. هەموو ئەو کەسانەی ئەو ڕۆژەیان لە یادە، زۆر باش دەزانن چۆن چەتری ڕەشی خەم باڵی بەسەر دڵ و دەروونی تەواوی ڕۆڵەکانی کورددا کێشا. ڕۆژێکی پڕ لە ئازار و خەم و پەژارە بوو بۆ نەتەوەیەک، کە بە درێژایی سەدەی بیستەم لەپێناو بەدیهێنانی خەونی ئازادی و سەربەخۆیی، خەباتێکی سەخت و بێوچانی کرد؛ ڕابەری هەرە مەزنی ئەو خەباتەش لەو ڕۆژەدا ماڵاوایی لە وڵات و نەتەوەکەی کرد.
ئێمە ئەمڕۆ کە ئەو یادە دەکەینەوە، زۆر باش دەزانین ئەوەی لە کوردستاندا بەدی هاتووە، بەری ڕەنج و دەرەنجامی ڕێبازی مستەفا بارزانی و پێشمەرگە و یاوەرانی ئەوە. هەر لەو ڕۆژ و یادەدا گرنگە ئێمە درێژە بەو ڕۆحی تێکۆشانە بدەین کە مستەفا بارزانی و پێشمەرگەی یاوەری گەڵاڵەیان کرد، پێگیر و پەیوەستی ئەو ڕێبازەش بین کە ئەوان کردیان بە نەخشەڕێی تێکۆشانی دادخوازی و یەکسانی و لادانی زوڵم و ستەم دەرهەق بە نەتەوەیەک کە دەخوازێت مافی ڕەوای خۆی بەدەستبهێنێت؛ ئەو ماف و خواستەی کە ئاشتی و یەکسانی بەدی دەهێنێت و ڕێ بۆ گەشە و بووژانەوە و پێکەوەژیانێکی شکۆمەندانە خۆش دەکات.
کۆچی یەکجاریی مستەفا بارزانی و تێکۆشانی شکۆمەندانەی ئەو، بۆ ئێمە توێشووی خەباتی بەردەوامە تا گەیشتن بە هەموو مافێکی گەل و وڵاتمان، کە خۆی لە سەروەری و سەربەخۆیی و ئاشتی و پێشکەوتن و ئاوەدانیدا دەبینێتەوە.

1/3/2026

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانى و پەیامى تەبایی و ئاشتى لە جزیرێ بۆتان

سەڵاح

بەرەو ھەڵبژاردنێکی شەفاف وبێگەرد

دڵشاد

هەتا ماڵ وەستابێت مزگەوت حەرامە

یاسین