ئیرینا یوسری، شاژنی جوانی میسر، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە وەرزی درامای ڕەمەزاندا، بەشداری لە زنجیرە درامای “هەموویان مودییان خۆشدەوێت” دەکات لەگەڵ ئەکتەری ناودار یاسر جەلال.
ئیرینا کە بۆ یەکەمجارە ئەزموونی نواندن دەکات، توانیویەتی سەرنجی بینەران و ڕەخنەگران ڕابکێشێت. ئەو لەم درامایەدا ڕۆڵی “لارا” دەگێڕێت، کە شاژنی جوانی میسرە و کارەکتەری مودی (یاسر جەلال) دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ژیانی هاوسەریی مودی و جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی.
ئیرینا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا سێ ڕۆژ دوای بەدەستهێنانی نازناوی شاژنی جوانی، لەلایەن دەرهێنەر ئەحمەد شەفیق و یاسر جەلالەوە پەیوەندی پێوە کراوە بۆ ئەم ڕۆڵە.
ئەو جەختی کردەوە، پێشتر لە زانکۆ نواندنی کردووە و خولی فێربوونی نواندنیشی بینیوە، هەر بۆیە ئەرکەکەی بۆ ئاسان بووە. سەرەڕای سەرکەوتنی لەم بوارەدا، ئیرینا ڕایگەیاند کە هەرگیز پیشەی سەرەکی خۆی کە پزیشکی ددانە، واز لێ ناهێنێت.
ئەو گوتی: “دایکم مەرجی بۆ داناوم کە نابێت پزیشکی واز لێ بهێنم، بۆیە هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا کلینیکی تایبەتی خۆم بکەمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ڕۆڵی گونجاو هەبێت، بەردەوام بم لە نواندن”.

