نیک راینەر، تەمەن 32 ساڵ، لەبەردەم دادگایەکی لۆس ئەنجلۆسدا ئامادە بوو و هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاراستەی کراون سەبارەت بە کوشتنی دایک و باوکی.
نیک تۆمەتبارە بەوەی لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا، باوکی (ڕۆب راینەر، دەرهێنەری ناودار) و دایکی (میشێل سینگەر، وێنەگری ناسراو)ی بە چەقۆ کوشتووە.
ئەم دۆسییەیە کۆمەڵگەی هونەری و جەماوەری لۆس ئەنجلۆسی تووشی شۆک کردووە، بەتایبەت کە نیک پێشتر لە فیلمێکی باوکیدا لە ساڵی 2015ـدا بەشداریی کردبوو کە باس لە کێشەکانی ئالوودەبوون دەکات.
نیک لە دادگادا بە سەرێکی تاشراو و بە کەلەپچەکراوی دەرکەوت. داواکاری گشتی لۆس ئەنجلۆس، ناتان هۆشمان، ڕایگەیاند، هێشتا بڕیاریان نەداوە ئایا داوای سزای لەسێدارەدان بۆ نیک دەکەن یان زیندانی هەتاهەتایی بەبێ ئازادکردن.
پارێزەرە نوێیەکەی نیک، کیمبەرلی گرین، هەوڵ دەدات بەرگری لێ بکات، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە نیک شەوی پێش ڕووداوەکە لەگەڵ باوکیدا دەمەقاڵێی هەبووە.
نیک پێشتر بە ئاشکرا باسی لە کێشە دەروونییەکانی و ئالوودەبوونی بە ماددە هۆشبەرەکان کردبوو. ئەم کەیسە نەک تەنیا وەک تاوانێک، بەڵکو وەک چیرۆکێکی خەمناکی خێزانی لە ناوەندی سینەمای جیهانیدا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و هەمووان چاوەڕێی دانیشتنی داهاتووی دادگان لە کۆتایی مانگی نیساندا بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەم گەنجە.

