وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دووپاتی کردەوە، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی دوگی مەڕ بەردەوامە، وەزارەتەکە داوای لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە چاودێرییە پەیوەندیدارەکان کردووە ڕێوشوێنەکانیان توندتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی ئەم ماددەیە بۆ ناو وڵات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-7-2026، وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردووەتەوە، بەپێی ئەو زانیاری و ئاماژانەی لەبەردەستدان، ههوڵێک هەیە بۆ هێنانەناوەی دوگی مەڕ و چەوری ئاژەڵ بە نایاسایی لە ئێرانەوە، ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی چەند دەروازەیەکی سنوورییەوە دەدرێن، بە مەبەستی گواستنەوە و ساغکردنەوەیان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، کە ئەمەش سەرپێچییەکی ڕوونی ڕێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانە.
وەزارەت جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی چاودێری و هەماهەنگی نێوان لایەنە ئەمنییەکان، چاودێرییەکان و گومرگ کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە چوونەناوەوەی ئەم ماددانە. هەروەها داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی بەکاربەر و سەلامەتی بەرهەمە خۆراکییەکانی ناو بازاڕ. لە کۆتاییدا، وەزارەتی کشتوکاڵ داواکارییەکەی نوێ کردەوە بۆ پشکنینی وردتر لە دەروازە سنوورییەکان و بازاڕەکاندا بۆ بنبڕکردنی دیاردەی قاچاخچێتی.

