zagros news agency

هەناردەی نەوتی عێراق زیادی کردووە

ئامارەکانی هەردوو کۆمپانیای چاودێریی گواستنەوەی دەریایی ‘کێپلەر و ڤۆرتێکس’ نیشانی دەدەن عێراق لە ڕیزی دیارترین ئەو وڵاتانەدا بووە کە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی خاو بوون لە کەنداوەوە لە نیوەی یەکەمی مانگی تەممووزدا.
بەپێی ئاماری هەردوو کۆمپانیاکە، هەناردەی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، عێراق، کوەیت و ئێران بە ڕێژەی نزیکەی %16 بەراورد بە تێکڕای مانگی حوزەیران زیادی کردووە. بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیای کێپلەر، هەناردەکە گەیشتووەتە نزیکەی 12 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ڤۆرتێکس ئەو هەناردەیەی بە 13.06 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا خەمڵاندووە.
کۆمپانیای ڤۆرتێکس ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم ماوەیەدا عێراق زۆرترین زیادبوونی مانگانەی لە هەناردەی نەوتدا لە نێوان وڵاتانی کەنداودا تۆمارکردووە، لە هەمان کاتدا هەریەکە لە سعودیە، ئێران و عێراق پێکەوە بەرزبوونەوەی هەناردەکەیان بەڕێوە بردووە و پێشەنگ بوون تێیدا.
سەرەڕای ئەم بووژانەوەیە، ئاژانسی ڕۆیتەرز هۆشداری داوە لەوەی کە هەناردەی ناوچەی کەنداو هێشتا بە ڕێژەی نزیکەی %32 کەمترە لە بەرزترین ئاستی خۆی پێش دەستپێکردنی جەنگ، کاتێک لە مانگی شوباتدا گەیشتبووە 17.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هاوکات ئامارەکانی گواستنەوەی دەریایی نیشانی دەدەن کە ژمارەی ئەو نەوتبەرانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون لە یەکێک لە ڕۆژەکاندا بۆ تەنها سێ نەوتبەر دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە مانگی ئایارەوە. ئەم دابەزینەش هاوکاتی پەرەسەندنی نیگەرانییەکانە لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان و هەڕەشە ئەگەرییەکان لەسەر گەشتی دەریایی لە دەریای سووردا، کە پێدەچێت کار بکاتە سەر ڕەوتی گواستنەوەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت بەرزبونەوەى تۆمار کرد

یاسین

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ عارف ته‌یفور

سەڵاح