وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند کە ڕێگەی جێگرەوەی بۆ گواستنەوەی بابوتی خۆراکی بۆ عێراق دابین کردووە؛ هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕینی ئاراستەی کەشتیگەلی دەریایی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە تێچووی بارکردن و ناردندا.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی، لوما موسەوی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە لە سایەی بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمزدا، ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی بەرهەمە خۆراکییەکان پەسەند کراوە.
روونی کردەوە کە ئاڕاستەی ژمارەیەک لەو کەشتییانەی بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشتن گوێزراوەتەوە بۆ ڕێگەی جێگرەوە، لەوانەش ڕێڕەوەکانی تورکیا و گواستنەوەیان لە ڕێگەی ڕەبیعەوە؛ کە ئەمەش پێویستی بە ماوەی درێژتر هەیە و ڕەنگە گەیشتنی بارەکان تا ٩٠ ڕۆژ بخایەنێت.
لوما موسەوی جەختی کردەوە کە بەردەوامیی جەنگ و گۆڕینی ڕێڕەوە دەریاییەکان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی زۆر لە تێچووی بارکردن، دڵنیایی و سووتەمەنی، جگه لە درێژبوونەوەی ماوەی گواستنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم تێکچوونانە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی زیادە لە بەرامبەر دابینکردن و گەیاندنی بەپەلەی بەرهەمە خۆراکییەکان بۆ ناوخۆی عێراق.

