ڕۆژنامەنوسی عێراقی(فائق عیقابی ) لە کەناڵی خۆی لە تیکتۆک نامەیەکی ئاراستەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو کە گوایە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق دەڕوات و بۆتە هۆکاری کێشەی یاسایی بۆ هاووڵاتیان. دوای بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆکەی، بە گوێرەی ڤیدیۆیەکی دیکەی ناوبراو، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، پەیوەندی بە ڕۆژنامەنوسەکەوە کردووە و بەرچاوڕوونی پێویستی پێداوە کە بابەتەکە بەتەواوی پێچەوانەیە چونکە بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن. لە ماوەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی و گەیاندن هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم پرسەی داوە و هەنگاوی کرداری گرنگ گیراوەتە بەر.
بەپێی ڕێنمای ژمارە (٨)ی سالی ٢٠٢١ی وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک یان دوکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە بە بڕی ٣ ملیۆن دیناری عێراقی. لە هەڵمەتەکانی دواییدا، وەزارەتی ناوخۆ دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراودا گرتووە،ئیجرائاتی زۆر توند بەرامبەر ئەو کەس و خاوەن دوکانانە گیراوەتە بەر کە سەرپێچی ڕێنماییەکان دەکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری سەرجەم دوکاندار، کاسبکاران و فرۆشیارانی مۆبایل دەکاتەوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن بە سیمکارتی تۆمارنەکراو و بێخاوەن. بە پێچەوانەوە، بەرپرسیار دەبن و تووشی توندترین سزای یاسایی و لێپێچینەوە دەبنەوە.
سەرچاوەکە دەڵێ: سیمکارت دەبێ تەنها لە لایەن بریکارە فەرمییەکان و دوای تۆمارکردن و بەناوکردن بفرۆشرێ. هەروەها ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەن کە سیمکارتی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان نەفرۆشنە هیچ هیچ کەسێک بێ گواستنەوەی خاوەندارێتی.

