دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، سەر بە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ کەرخ، داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار “نازم محەمەد دوەیج ئەسەدی” تاوەکو ڕێکاری یاسایی لە دژی بگیرێتەبەر.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە مێژووەکەی بۆ ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ دەگەڕێتەوە، دادگا، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دەکات کە تێیدا ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتبار کراوە بە “سوودمەندبوونی ڕاستەوخۆ لە گرێبەست و کارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی” لە ڕێگەی تێپەڕاندنی چەند گرێبەستێکی نایاسایی بۆ دەستکەوتنی قازانجی کەسی بۆ خۆی و کەسانی دیکە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئهو پهرلهمانتاره بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆمپانیایەکی بەناوی (ئهلتدامل بۆ بازرگانی گشتی و تەکنەلۆژیای زانیاری و بەڵێندەرایەتی گشتی) دامەزراندووە. بۆ شاردنەوەی ناوی خۆی، کۆمپانیاکەی بەناوی یەکێک لە پاسەوانەکانی بەناوی (سامر شاکر هاشم – کە ئێستا دەستبەسەرە) تۆمار کردووە، ئەمەش بە مەبەستی وەرگرتنی گرێبەستەکانی وەزارەت و بەدەستهێنانی مۆڵەتی نووسینگەی کار بۆ هێنانی کرێکاری بیانی.
دادگا ئاماژەی بەوە کردووە کە داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکە بەپێی ماددەی (٦٣)ی دەستووره و بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاساییە بهرامبهری بەپێی ماددەی (٣١٩) لە یاسای سزاکانی عێراق ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو.


