دوو توێژەری ئاسایشی سایبەری بە ناوەکانی ڕۆبێرت کرووچەک و کامیل سچوڕۆڤسکی لە کۆنفرانسی جیهانیی Def Con ئەنجامی پشکنینێکی بەرفراوانیان بۆ ئینتەرنێتی پۆڵەندا ئاشکرا کرد کە تێیدا دەرکەوتووە زیاتر لە ١٠ هەزار دامەزراوەی گشتی و ٢٥٠ هەزار وێبساێت ڕووبەڕووی مەترسییەکی جدیی هاککردن بوونەتەوە
ئەم کەلێنە ئاسایشییانە ڕاستەوخۆ کارگێڕیی ناوەندە هەستیارەکانی وەک دادگاکان و نەخۆشخانەکان و فڕۆکەخانەکان و فەرمانگە حکومییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە و ڕێگە بە هاکەران دەدەن دەستکاری زانیارییەکان بکەن یان کۆنتڕۆڵی سیستەمەکان بگرنە دەست
هۆکاری سەرەکیی ئەم لاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی بەسەرچوو بە ناوی Pad CMS کە پشتیوانی تەکنیکی بۆ کۆتایی هاتووە و هیچ نوێکارییەکی ئاسایشی پێناگات
توێژەرەکان ڕایانگەیاند کە لە ڕێگەی ئەم کەلەبەرەوە توانراوە بەبێ پێویستبوون بە ناوی بەکارهێنەر و تێپەڕەواشە دەستگەیشتن بۆ زیاتر لە ٣٠٠ وێبساێتی حکومی و ٢٤٥ دادگا کە دەکاتە دوو لەسەر سێی تەواوی سیستەمی دادوەریی پۆڵەندا بەدەستبهێنرێت
ئاشکرابوونی ئەم مەترسییە لە کاتێکدایە کە پۆڵەندا هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە سایبەرییەکانی چڕکردووەتەوە دوای ئەوەی لەم دواییانەدا کەرەتە گرنگەکانی وەک وزە و ئاوی وڵاتەکە کەوتنە بەر هێرشی سایبەریی ڕووسیا.

