zagros news agency

سووریا کۆنترۆڵی دوو بنکەی ستراتیژی لە ڕووسیا وەردەگرێتەوە

 

دیمەشق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ مۆسکۆ، هێزەکانی ڕووسیا کۆنترۆڵی دوو بنکەی ستراتیژی لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست ڕادەستی سووریا دەکەنەوە و ئەو بنکانە وەک نێوەندی مەشقی هاوبەشی هەردوو وڵات بەکاردێن.

ڕووسیا لە ماوەی جەنگی ناوخۆیی سووریا لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٤، هاوپەیمانی سەرەکیی سیاسی و سەربازیی بەشار ئەسەد بوو. بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، پاش پێشڕەویی چەکدارەکان بە ڕێبەرایەتیی ئەحمەد شەریع، سەرۆککۆماری ئێستای سووریا، لە دەسەڵات لادرا و بەرەو ڕووسیا هەڵات.

لە ماوەی ئەو جەنگەدا، بنکەی ئاسمانیی “حمێمیم” و بنکەی دەریایی “تەرتووس” بنکەی سەرەکیی ئامادەیی سەربازیی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بوون. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، بڕیارە سووریا کۆنترۆڵی بنکەی ئاسمانیی حمێمیم و لەنگەرگەی بازرگانیی بەندەری تەرتووس وەک بەشێک لە پێکهاتەی کارگێڕیی مەدەنیی خۆی لەدەست بگرێت.

  1. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دامەزراوە سەربازییەکان لە هەردوو بنکەکەدا دەبنە نێوەندی “مەشقی هاوبەش”. وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند ئەم ڕێککەوتنە بە مانای ڕێکخستنەوەی ئامادەیی ڕووسیایە لە کەناراوەکانی سووریا و هەنگاوێکی گرنگە بۆ قۆناغێکی نوێ لە پێوەندییەکانی هەردوو وڵات. مۆسکۆ تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیی بەرانبەر ئەم ڕێککەوتنە نیشان نەداوە.

لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانی نوێی سووریا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی پاش ڕووخانی ئەسەد ئەنجام دا. ئەحمەد شەریع لە کاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە دوو جار لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە. هاوکات سووریا پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا، ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی پەرە پێ داوە. واشنتۆن بەشێکی زۆری سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی هەڵگرتووە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لە مانگی تەممووزدا سەردانی سووریای کرد و بڕیار درا پاش ١٤ ساڵ باڵیۆزانی هەردوو وڵات دەستبەکار ببنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

شێخ محه‌مه‌د باسه‌ری: ئەمەریکا لە هێرشە درۆنییەکانی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر نیگەرانە

یاسین

پزیشکانی دەروونی: بەکارهێنانی ChatGPT لەجێگەی دەروونناس ڕوو لە زیابوونە

یاسین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دەكات

یاسین