zagros news agency

پارێزگاری هەولێر چارەنووسی دابەشکردنی نەوتی سپی و هۆکاری نۆرەی بەنزینی ئاشکرا کرد

ئەمڕۆ شەممە (٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان و هۆکاری دروستبوونی نۆرە لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگاکە، هاوکات پلانی حکوومەتی خۆجێیی بۆ چارەسەرکردنی هەردوو پرسەکە خستە ڕوو.

نەوتی سپی؛ کەمیی بڕەکە و چارەنووسی ناوشاری هەولێر
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد کە پارێزگای هەولێر پێویستی بە ١٠٥ ملیۆن لیتر نەوتی سپییە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا ١٥ ملیۆن لیتر دابینکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆی گشتیی پێداویستیی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن لیترە و تەنیا ٥٠ ملیۆن لیتر نێردراوە.

ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە کە بەهۆی کەمیی بڕی نەوتی بەردەستەوە، دابەشکردن بە ناچاری لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستی پێکردووە و بەم خشتەیە بەڕێوە دەچێت:

  • ئەمڕۆ شەممە: پرۆسەی دابەشکردن لە سنووری قەزای هەریر و ناحیەی بالیسان تەواو دەکرێت.

  • سبەی یەکشەممە: دابەشکردن لە سنووری شەقڵاوە و پیرمام دەست پێدەکات.

  • ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە: لە سنووری کۆیە و تەقتەق نەوت دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە سەنتەری شاری هەولێریش، پارێزگار ڕایگەیاند کە ئەو بڕەی ئێستا لەبەردەستدایە تەنیا بەشی ناوچە شاخاوییەکان دەکات. هاوکات هیوای خواست لە قۆناغی دووەمدا بەغدا بەشە نەوتی زیاتر بنێرێت تاوەکو بتوانن لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەریشی دابەشی بکەن، بەتایبەت کە ساڵی ڕابردووش نەتوانرا لە ناوشار نەوت دابەش بکرێت.

کێشەی بەنزین؛ هۆکاری دروستبوونی نۆرە و بەردەوامیی کارتی ئەلیکترۆنی
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئومێد خۆشناو باسی لە کێشەی بەنزین کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر هەولێر ڕۆژانە ٢٠ بۆ ٢٢ تانکەری ٣٦ هەزار لیتری بەنزینی وەردەگرت، دواتر بە بڕیاری سەرۆکوەزیران ڕێژەکە بۆ نزیکەی ٤٠ تانکەر بەرز کرایەوە، بەڵام لە دوو بۆ سێ ڕۆژی ڕابردوودا بڕەکە کەم بووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی نۆرە لە بەشێک لە بەنزینخانەکان.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی بەنزین بەردەوام دەبێت و بە هەنگاوێکی باشی وەسف کرد بۆ دابینکردنی دادپەروەری لە دابەشکردندا.

هەروەها ئاشکرای کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی پشکی ڕۆژانەی هەولێر بەرز بکرێتەوە بۆ لانیکەم ٤٥ تا ٥٠ تانکەری ٣٦ هەزار لیتری، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بەپێی ئاماری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پشکی هەولێر وەک خۆی دابین بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

‎یەکێتیی ئەورووپا: ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئاشتی

گوران

باران بارین بەردەوام دەبێت

یاسین

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر(سەید کاکە)

یاسین