zagros news agency

تەقینەوەیەک لە قوتابخانەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان 10 کوژراو و 110 برینداری لێکەوتەوە

ئەمڕۆ شەممە (28ـی تشرینی دووەمی 2026)، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی و ناوەندی لە پارێزگای کونەر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، 10 کەس کوژران و 110 کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵن. بە گوتەی بەرپرسان، پێدەچێت سەرچاوەی تەقینەوەکە کۆگایەکی تەقەمەنیی نزیک قوتابخانەکە بووبێت.

سەمیعولحەق بەیان، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارێزگای کونەر ڕایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن تەقینەوەکە لە قوتابخانەیەکی دەوروبەری شاری ئەسەدئابادی ناوەندی پارێزگاکە، بەهۆی کەمتەرخەمی لە کۆگایەکی هەڵگرتنی تەقەمەنیی تایبەت بە کۆمپانیاکانی کانزاکاری ڕوویداوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

لای خۆیەوە عەبدولمەتین قانیع، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئاماری قوربانییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا 10 کەس کوژراون و 110 کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ناو نەخۆشخانەوە بڵاوکراونەتەوە، منداڵانی بریندار دەبینرێن کە سەری ژمارەیەکیان پێچراوەتەوە و هەندێکیشیان بە دوو منداڵ لەسەر یەک قەرەوێڵە خەوێندراون.

نوور ڕەحمان کە ماڵەکەی تەنیشت قوتابخانەکەیە، باسی لەوە کرد کە گوێی لە دەنگی تەقینەوەکە بووە و بینیویەتی تۆز و خۆڵ بەرز بووەتەوە. ئەو گوتی: “ڕاستەوخۆ بەرەو ناو تۆزەکە ڕامکرد، چونکە منداڵەکانی خۆمان لەوێ بوون. چوومە ناو یەکێک لە ژوورەکان کە پڕ بوو لە قیژە و هاوار. دەستی برازاکەمم بینی دەجووڵایەوە، بە پەلە چوومە پێشەوە و خشتەکانم لابرد و توانیم خۆی و چەند بریندارێکی دیکە دەربهێنم.”

هەروەها حاجی سولەیمان، کە کوڕەکەی لە تەقینەوەکەدا بریندار بووە، گوتی لە ڕێگادا بووە بەرەو دووکانەکەی کاتێک تەقینەوەکەی بینیوە و گوێی لێی بووە. ئەو دەڵێت: “پارچە تەختە و گۆشتی مرۆڤ بە هەموو لایەکدا دەفڕین.” دوای ئەوەی ڕایکردووەتە قوتابخانەکە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە: “منداڵەکانم بینی؛ هەندێکیان گیانیان لەدەستدابوو و ئەوانی دیکە غەڵتانی خوێن ببوون، هەندێک لە سەربانەکان داڕمابوون، دیوارەکان نەمابوون و هیچ شتێک لە قوتابخانەکە نەمابووەوە.”

فەرید دیهقان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای کونەر ئاشکرای کرد، تەقینەوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی لە قوتابخانەیەکی ناوچەی “ئەندەر سێر” لە دەوروبەری شاری ئەسەدئاباد ڕوویداوە.

هاوکات لەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلەکان منداڵە بریندارەکان دەگوازنەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەسەدئاباد، هەروەها وێنەی باڵەخانەی قوتابخانەکە نیشان دەدرێت کە بەشێکی داڕماوە.

کانزاکاری بە یەکێک لە پیشەسازییە سەرەکییەکانی ئەفغانستان دادەنرێت؛ وڵاتەکە دەوڵەمەندە بە ماددە خاوەکانی وەک ئاسن، مس، قورقوشم، زینک، زێڕ، خەڵوز و بەردە بەنرخەکان، بەڵام زۆرجار پێوەرەکانی سەلامەتی لە کۆمپانیاکانی کانزاکاریدا لاوازن و دەبنە هۆی ڕووداوی لەم شێوەیە. لە پارێزگای کونەریش دەرهێنانی بەردە بەنرخەکان ڕوو لە زیادبوونە و چەندین کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن کە دواتر بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا دەیانفرۆشن.

جێی ئاماژەیە، لە مانگی ئابی ڕابردووشدا، لە ئەنجامی هێرشێکی نارنجۆکدا بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی قوتابخانە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، زیاتر لە 40 منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 14 ساڵیدا بوو، بریندار بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

پۆلیسی ئوردن بەگازی فرمێسک ڕێژ خۆپیشاندەرانی دوورخستەوە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکات

یاسین

دووشەممه دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت؛ یەکێک له پرسەکان تایبەت به هەرێمه

یاسین