بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2026، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەباران تا کاتەکانی ئێوارە، کە هەندێک جار بۆ تاوەباران و هەورە تریشقەی کورتخایەن دەگۆڕێت. سەبارەت بە تۆز و خۆڵ، کاریگەرییەکەی زیاتر لە ناوچەکانی سنووری ڕۆژهەڵات (پارێزگای سلێمانی و گەرمیان) دەبێت و تا کاتەکانی ئێوارە لاواز دەبێت. پلەکانی گەرما (3-4) پلە بەراورد بە دوێنێ نزم دەبنەوە، خێرایی با (10-20) کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا و مەودای بینین (7-9) کم دەبێت (لە ناوچە خۆڵاوییەکان 3-5 کم و هەندێک کات کەمتر لە 1 کم).
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی سێشەممە 5-5-2026، ئاسمان بەگشتی لەنێوان نیمچە هەور و پەڵەهەوردا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بوونی تۆزێکی سووک لە ناوچەکانی سنووری ڕۆژهەڵات (پارێزگای سلێمانی و گەرمیان). پلەکانی گەرما (1-2) پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبنەوە، خێرایی با (5-15) کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا و مەودای بینین (7-9) کم دەبێت (لە ناوچە خۆڵاوییەکان 4-6 کم).
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی:
هەولێر: ئەمڕۆ 27، سبەی 26
سلێمانی: ئەمڕۆ 25، سبەی 25
دهۆک: ئەمڕۆ 26، سبەی 24
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 28، سبەی 25
زاخۆ: ئەمڕۆ 25، سبەی 25
گەرمیان: ئەمڕۆ 30، سبەی 28
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 29، سبەی 28
سۆران: ئەمڕۆ 22، سبەی 21
پیرمام: ئەمڕۆ 22، سبەی 21
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 17، سبەی 16

