zagros news agency

ئێران: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا “چەتەگەرییە”

فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، گەمارۆکانی ئەمریکای بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکان لە ناوچەی کەنداو بە “چەتەگەری” وەسف کرد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چەندین سیناریۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو گەمارۆیانە ئامادە کردووە.
موهاجیرانی، ئەمڕۆ سێشەممە، 28-4-2026، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا کە لە وێستگەی کارەبای “تەڕەشت” لە تاران بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، “حکومەت لە 2024 و هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، پێشبینی ئەم دۆخەی کردبوو و پلانی پێویستی بۆ داڕشتووە.” جەختیشی کردەوە کە بەهۆی ستراتیژی “حوسنی جەوار” و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان، هیچ نیگەرانییەک لەبارەی گەمارۆ دەریاییەکانەوە نییە.
موهاجیرانی گوتی: “توانرا لە ماوەیەکی کورتدا یەکەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی ‘نەکا’ بخەینە گەڕ”، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای هەبوونی زیاتر لە 2000 هێرش بۆ سەر ژێرخانی ئاو و کارەبا لە کاتی شەڕدا، ڕێگەیان نەداوە کارەبای ماڵان ببڕێت.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکان، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاشکرای کرد، تاران لە ڕێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بە شێوەیەکی فەرمی بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی قەرەبوو دەکات لەو وڵاتانەی کە خاکی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران خستووەتە خزمەت “دوژمن”. گوتیشی: “وەزارەتی داد و سەرۆکایەتی کۆمار خەریکی بەبەڵگەکردنی زیانەکانن، بەتایبەت ئەو زیانانەی بەر کەرتی شوێنەوار کەوتوون.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موهاجیرانی باسی لە پشتیوانی حکومەت بۆ کەرتی وەرزش کرد و گوتی: “ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار لە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی نیشانەی پشتیوانی مادی و مەعنوییە بۆ یاریزانان.” ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری وەرزش ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکارییەکان و ئەنجامدانی یاری دۆستانە لەگەڵ تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردنێکی بەهێز لە مۆندیالدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ماوەی شەش ڕۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون

سەڵاح

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا: چین یارمەتی ئێران دەدات بۆ پڕچەککردنەوەی حیزبوڵڵا

یاسین

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان کۆتاییهات

سەڵاح