ڕۆژنامەیەکی ئابووریی ژاپۆنی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-4-2026، بڵاویکردەوە، حکومەتی ژاپۆن هیچ بڕە پارەیەکی بە ئێران نەداوە لە بەرامبەر ڕێگەپێدان بە تێپەڕبوونی کەشتیی نەوتهەڵگری “ئیدیمیتسۆ مارۆ” بە گەرووی هورمزدا.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە حکومییەکانی ژاپۆنەوە گواستوویەتیەوە، کە تێپەڕبوونی کەشتییەکە دوای دانوستانەکانی نێوان تۆکیۆ و تاران بووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕسووماتێکی دارایی بدرێت. هەروەها لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومییەوە بڵاویکردەوە کە گوتوویەتی، “ئەم تێپەڕبوونە دەرئەنجامی ئەو دانوستانانە بوو کە حکومەتی ژاپۆن ئەنجامیداوە، و هیچ کرێیەک بەرامبەر بە تێپەڕبوونی کەشتییەکە نەدراوە.”
پێشتریش میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە کەشتییە ژاپۆنییەکە بە ناوی “ئیدیمیتسۆ مارۆ” بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی ئێران بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە. بەپێی زانیارییەکان، کەشتییەکە کە موڵکی کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ژاپۆنی “ئیدیمیتسۆ کۆسان” (Idemitsu Kosan)ـە و هەڵگری دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە لە کەناراوەکانی سعودیە پەکی کەوتبوو و وەستابوو. هاوکات کۆمپانیا ژاپۆنییەکەش لەبەر هۆکاری سەلامەتی ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات.
دوای دەستپێکردنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە لە 28ـی شوباتی ڕابردوو، تاران بڕیاریدا گەرووی هورمز بەڕووی ئەو کەشتییانەدا دابخات کە پەیوەندییان بەو وڵاتانەوە هەیە کە پشتیوانی لەو ئۆپەراسیۆنانە دەکەن.

