رۆژی شەممە، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەگەڵ ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری شێوەکاری و کاری دەستی، و گۆران حوسێن، بەڕێوەبەری چالاکی و وێژەیی و سەنتەرەکان، سەردانی پیرداود مەخمووریان کرد لە ماڵەکەی خۆیدا، کە یەکێکە لە دیارترین پارێزەرانی فۆلکلۆری کوردی.
سەردانەکە وەک ڕێزلێنانێک بوو بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی مەخمووری لە کۆکردنەوە و پاراستنی میراتی زارەکیی گەلی کورد. بەڕێوەبەری گشتی وێڕای دەستخۆشی، هیوای لەشساغی و تەمەندرێژیی بۆ خواست و سوپاسی پێشوازییە گەرمەکەی لێکردن.گرنگترین وێستگە و چالاکییەکانی پیرداود مەخمووری
وەکو سەرنووسەری گۆڤاری (ئاسۆی فۆلکلۆر) خزمەتی پێشکەش کردووە.
ساڵانێکی درێژ لە بواری فۆلکلۆر و فەرهەنگی گەلدا کاری کردووە؛ توانیویەتی چیرۆک، ئەفسانە، گۆرانی، پەند، یاریی گەلی و دابونەریتە کوردییەکان کۆبکاتەوە و لە لەناوچوون بیپارێزێت لە ڕێگەی نووسین، لێکۆڵینەوە و بەشداریکردنی لە کۆڕ و سیمینارە فەرهەنگییەکاندا، ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە ناساندنی فۆلکلۆری کوردی بە نەوەی نوێ، چونکە
فۆلکلۆر تەنیا چیرۆک و گۆرانی نییە، بەڵکو مێژوو، زمان، بیرکردنەوە و ناسنامەی گەلێکە، کە پاراستنی بە ئەرکێکی نەتەوەیی دادەنرێت.

