ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئابی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، دۆسیەی مانگرتنی بریندارانی دەستەکە پەیوەندی بە داواکاریی مووچەی خانەنشینی و مووچەی برینداربوونەوە هەیە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، حەشدی شەعبی روونیکردەوە بریندارانی سەر بە دەستەکە، مافە شایستەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی دەستەکەدا بە رێژەیەکی نزیک بە تەواوی وەرگرتووە، ئەوەش لە رووی مووچە یان چارەسەرکردن لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەی وڵات لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حەشدی شەعبییەوە بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مانگرتنی ئێستای برینداران لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، دۆسیەیەکی جیاوازە لە مافەکانی برینداران لای دەستەکە و پەیوەستە بە داواکاریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای دامەزراوەی شەهیدان ژمارە 57ـی هەموارکراوی ساڵی 2020، بەتایبەت بڕگەی دووەم، کە رێگەی داوە مووچەی خانەنشینی و مووچەی برینداربوون بەیەکەوە وەربگیرێت، ئەوەش هاوشێوەی هاوتاکانیان لە هەندێک دامەزراوەی ئەمنیی دیکە.
دەستەکە جەختیکردەوە، ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاسایی یان کارگێڕییەکانی ئەواندا نییە، بەڵکو دەکەوێتە چوارچێوەی تایبەتمەندیی وەزارەتی دارایی و دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی، چونکە ئەو دوو لایەنە بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕگە یاساییەکانی تایبەت بەو شایستەیەن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە چەکدارەکانیان، فەرماندەیی حەشدی شەعبی بەردەوامە لە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە و گەیشتن بە چارەسەرێک کە مافی برینداران بەپێی یاسا مسۆگەر بکات.

