zagros news agency

عێراق لە ڕیزبەندی چوارەمی هاوردەی گێلاسی تورکیا دێت

 

عێراق لە وەرزی هاوردەکردنی ئەمساڵدا پێگەی خۆی وەک چوارەم گەورەترین هاوردەکاری گێلاسی تورکیا چەسپاند و بە بەهای 26.5 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ئەو وڵاتەی هاوردە کردووە.
جەنگیز بالیک، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی تازە لە ناوچەی ئیجە ڕایگەیاند، عێراق لە ڕیزبەندی چوارەمی جیهانیدایە و دوای ئەڵمانیا، ڕووسیا و پۆڵەندا دێت.
بالیک گوتیشی “ئەو چوار بازاڕە پێکەوە نزیکەی 85%ـی کۆی گشتیی هەناردەی گێلاسی تورکیا پێکدەهێنن”. ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە کەرتی کشتوکاڵی تورکیا توانیویەتی بازاڕەکانی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی فراوانتر بکات.
ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە کۆی گشتیی هەناردەی گێلاسی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 10ـی ئاب گەیشتووەتە نزیکەی 235 ملیۆن دۆلار، ژمارەی وڵاتانی هاوردەکاریش بە بەراورد بە 34 وڵاتی ساڵی رابردوو، بۆ 52 وڵات لە ئەمساڵدا زیاد بووە.
لە ریزبەندی وڵاتانی هاوردەکاردا، ئەڵمانیا بە بەهای 74 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەم، رووسیا بە 67.5 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم و پۆڵەندا بە 29 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم دێن.

سەبارەت بە پلانی داهاتوو، بالیک روونیکردەوە، لایەنی تورکی ئامانجیەتی تا ساڵی 2027 قەبارەی هەناردەکردنی گێلاس بگەیەنێتە 250 ملیۆن دۆلار. ئەم ئامانجەش پەیوەستە بە دۆخی کەشوهەوا، بەو پێیەی هەر گۆڕانێکی پێچەوانەی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکایەتیی ڕۆحیی درووزەکان داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەکات

یاسین

پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور.. ئەرجەنتین تووشی شکستێکی چاوەڕواننەکراو هات

یاسین

فەرمانبەرانی کێلگە نەوتییەکانی پارێزگای میسان خۆپیشاندانیان کرد

سەڵاح