zagros news agency

میسر بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا هەوڵ دەدات

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، میسر هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا دەدات.
دیپلۆماتە باڵاکانی میسر و ئێران ڕۆژی شەممە ٢٢ی ئاب (٣١ی گەلاوێژ) لەبارەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنامەی نێوان تاران و واشنتن گفتوگۆیان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، و هاوتا ئێرانییەکەی، عەباس عێراقچی، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ «ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی» تاوتوێ کرد.
ئەم هەوڵانە ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان عومان و ئێران و هەروەها دەستپێکردنەوەی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنامەی ئێران و ئەمریکا لەخۆ دەگرێت؛ ئامانجی کۆتاییش گەیشتنە بە “ڕێککەوتنێکی گشتگیر و بەردەوام” بە شێوەیەک لە نیگەرانییە جیاوازەکان بکۆڵێتەوە و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە عەبدولعاتی پێداگریی لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئاشتییانە کردەوە؛ لێکتێگەیشتنێک یارمەتیدەری گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بێت.
ناوبراو هەروەها پێداگریی لەسەر گرنگیی ژیانیی دابینکردنی ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی کەنداو کردەوە؛ هەنگاوێک بە گوتەی ناوبراو دەبێت «لە بەرژەوەندیی تەواوی خەڵکی ناوچەکەدا» بێت.
وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە هەروەها گوێی بۆ دید و بۆچوونی هاوتا ئێرانییەکەی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئێستا، ڕەوتی دانوستانەکان و ئاستەنگەکانی بەردەمی ڕاگرتووە.
ئێران و ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر ئەم لێکتێگەیشتنامەیەیان واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان هێنا و ماوەیەکی ٦٠ ڕۆژەی بۆ ئەنجامدانی دانوستان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دیاری کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، دانوستانەکان لەو کاتەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنامەکە و هەروەها ڕێکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا ڕاوەستاون؛ گەروویەک یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوت و گازی جیهانی دادەنرێت.
هاوکات لە پاریس چاوەڕوان دەکرێت ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستان، لە سەردانە دوو ڕۆژەیەکەیدا بۆ فەڕەنسا، لەبارەی ڕێڕەوە جێگرەوەکانی گەرووی هورمز گفتوگۆ بکەن.
بە گوتەی بەرپرسانی فەڕەنسی، پێشنیارەکان زیادکردنی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەکانی عومان لە دەرەوەی کەنداو، پەرەپێدان یان دووهێندەکردنی توانای هێڵەکانی بۆڕیی نەوت لە عەرەبستان و وڵاتانی تر و دروستکردنی هێڵی نوێی شەمەندەفەر لەخۆ دەگرن.
فەڕەنسا و عەرەبستان گرووپێکی کاریی هاوبەشیان لە بواری وزە و پێوەندییە لۆجستییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا پێکهێناوە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ئاب (٢ی خەرمانان) لەسەر ئاستی وەزیران کۆ ببێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەرچوونی کاروانی ٣١ی خێزانە عێراقییەکان لە کەمپی هۆل

سەڵاح

سبه‌ی 120 ملیار ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات

یاسین