سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ شەفەق نیوز ئاشکرای کرد کە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کاندیدکردنی لیوا محەممەد سوڵتانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق یەکلایی کردووەتەوە.
لیوا محەممەد سوڵتانی پێشتر پۆستی فەرماندەی پلیسی بڕیوە، بەرلەودوا گوازراوەتەوە بۆ دەستەی پشکنین و دواتریش لە دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا کاری کردووە.
پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بوونی هەر جۆرە تێگەیشتن یان ڕێککەوتنێکی بۆ دەستبەرداربوون لە وەزارەتی ناوخۆ ڕەتکردبۆوە.
عوسمان شەیبانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاندبوو کە هاوپەیمانییەکەیان ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا ناردووە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تاوەکو لە ڕۆژانی داهاتوودا پرۆسەی هەڵبژاردنی وەزیرەکان یەکلایی بکرێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ۱۴ی ئەیاری ۲۰۲٦دا بڕوای بەخشییە حکومەتەکەی عەلی فالح ئەلزێدی و بەرنامەی وەزارییەکەی، و دەنگی بە ۱۴ وەزیر دا لە کۆی ۲۳ وەزارەت.
بڕیاردان لەسەر ۹ وەزارەت دواخرا بەهۆی ناکۆکی لەسەر ناو و پشکەکان، لەوانەش وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، خوێندنی باڵا و پلان دانان.

