پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند بەهۆی دەستکاریکردنی پاشماوەی کەرەستەیەکی سەربازیی کۆن لە سنووری پارێزگاکە، گولەتۆپێک بە دوو گەنجدا تەقیوەتەوە و دەستبەجێ هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ڕائید ئاکام قوتبەدین، باسی لە وردەکاری ڕووداوەکە کرد و ئاشکرای کرد کە تەقینەوەکە بەهۆی دەستکاریکردنی ڕاستەوخۆی ئەو کەرەستە سەربازییە کۆنە بووە لەلایەن ئەو دوو گەنجەوە. بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەی گولەتۆپەکەوە، هەردوو قوربانییەکە لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
پاش ڕووداوەکە، تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتوونەتە شوێنی دیاریکراو و لێکۆڵینەوەی چڕیان دەستپێکردووە. هاوکات تەرمی هەردوو گەنجەکە ڕەوانەی بەشی پزیشکی داد کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاریی پێویست و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
پاشماوەکانی جەنگ و تەقەمەنییە نەتهێزراوەکان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە هێشتا وەک مەترسییەکی بەردەوام بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دەمێننەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە کەرەستەیەکی گوماناوی و سەربازیدا، بە هیچ شێوەیەک نێزیکی نەبنەوە و دەستکاری نەکەن، بەڵکو دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکارێنەوە.

