وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە تیمەکانی چاکسازی توانییان بارودۆخی کارەبا ئاسایی بکەنەوە، دوای ئەوەی بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەوە لە وێستگەی کەورگۆسک، کێشە لە تۆڕی گشتیی کارەبادا دروست ببوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، شەوی ڕابردوو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەناو وێستگەی (کەورگۆسک) لە پارێزگای هەولێر، محاویلەیەکی سەرەکیی وێستگەکە سووتا. ئەمەش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە نێوان هەولێر و دهۆک و لەکارکەوتنی چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەستبەجێ تیمەکانی چاکسازیی وێستگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و کارەبا بۆ دۆخی ئاسایی بگەڕێننەوە.
لە ئێستاشدا، تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی محاویلە سووتاوەکەن. بۆ ڕێگریکردن لە پچڕانی کارەبای ناوچەکە، فیدەرەکانی سەر ئەو محاویلەیە بە شێوەیەکی کاتی گواستراونەتەوە سەر محاویلەیەکی دیکە تا کارەکانی چاککردنەوە کۆتاییان دێت.

