zagros news agency

وەزارەتی پێشمەرگە:جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە

 

وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە ٣٠ی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە، بکشێنەوە. ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە روونیکردەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

 

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لەکاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی رابردوو، هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: “جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە.” هاوکات وەزارەتەکە جەختیکردەوە کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی عێراق، ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتی فیدراڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.

 

هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە رابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێت لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێت و رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و رێز لەو هاوکاری و پشتیوانییە دەگرێت کە لە رابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەیان کردووە.

 

هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لەگەڵ سوپای عێراق پەیوەندییەکی دەستووری و ئەمنی پتەوی هەیە و لە کارکردنی هاوبەشدا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت.

 

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: “خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازدایە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

لە شەممه‌ی داهاتووه‌وه‌ رێگایەكی سەرەكی لە هەولێر دادەخرێت

سەڵاح

پارێزگاری هەولێر سەردانی کۆنسڵخانەی گشتی فەرەنسای کرد

دڵشاد

پرێمەرلیگ.. لیڤەرپوول برینەکانی مانسیتی قۆڵترکرد و پێگەی خۆشی بەهێزترکرد

یاسین