zagros news agency

شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەداتە سەرپێچیکاران: فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی هەیە

 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هاووڵاتییان و خاوەنکاران لە فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی لە شوێنە گشتییەکان ئاگادار دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی لە گۆڕەپانەکان و لێواری شەقامەکان بە تەواوی قەدەغەیە، بەو پێیەی سیمای شار ناشیرین دەکات و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

شارەوانیی هەولێر هۆشداری داوە کە هەر کەسێک پابەند نەبێت و سەرپێچی بکات، بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە (ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠٠٨) لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێت، کە سزاکانیش بریتین لە «پێبژاردنی دارایی» یان «زیندانیکردن»، یان هەردوو سزاكە پێکەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران کراوە پابەندی ڕێنماییەکان بن، هاوکات جەخت کراوەتەوە کە تەنها شوێنی فەرمی و دەستنیشانکراو بۆ فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی، زبڵخانەی «کانی قرژاڵە»یە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیمامئۆغڵو: تورکیا دەمیرتاش وەک کارتێکی فشار بەکار دەهێنێت

یاسین

ئاسایشی هەولێر سیناریۆی ڕوداوێکی کوشتن ئاشکرا دەکات

یاسین

هۆشدارییەک لە به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان

یاسین