zagros news agency

محەمەد حاجی مەحموود: دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە و دەبێت بە زووترین کات کارا بکرێتەوە

 

ڕۆژی شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە چوارەمین دیداری گوڵەخانەدا، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رەخنەی توندی ئاراستەی پەککەوتنی دوو ساڵەی پەرلەمانی کوردستان کرد. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم قۆناغەدا بووەتە ئەرکێکی سەرەکی بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک.

لە درێژەی قسەکانیدا، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست ڕەخنەی ئەوەی گرت کە لەم ماوەیەدا هۆڵەکانی پەرلەمان بەتاڵ ماونەتەوە، لە کاتێکدا دەکرا پەرلەمان دەیان یاسای بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان دەربکرایە و یاساکانی بەغدا کە دژی مافەکانی کوردی دەرچوون هەڵبوەشایەتەوە، یان هەموار کرابان.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، محەمەد حاجی مەحموود هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە سەرجەم لایەنەکان لە ناوچەکەدا خۆیان بۆ ئەگەرەکانی جەنگ ئامادە دەکەن و کەس هەنگاو بەرەو ئاشتی نانێت. لە بەرامبەر ئەم دۆخە نەخوازراوەدا، داوای کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن، و ستاییشی ژیریی کوردی کرد لە خۆپاراستن لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە نییە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ناوبراو بانگەوازێکی بۆ یەکگرتوویی و یەکبۆچوونیی نەتەوەیی کرد و گەشبینیی خۆی نیشان دا بەوەی کە جیاوازیی گەورە لەنێو خەڵکی کوردستاندا نییە لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمان، هیوای خواستیش هەموولایەک دەست لە ناو دەست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان هەنگاو بنێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی: پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە

سەڵاح

بیلال سەلام: ویڵ سمیس و هاوژینەکەی هەڕشەی کوشتنیان لێکردووم

ART

بەگوژمەی زیاتر لە (2 ملیار دینار) پرۆژەی دروستكردنی (118 شەقام) لە ناوچەی پەرەپێدانی نزیک گوندی پیڕەش جێبەجێ دەكرێت

دڵشاد