ئەمڕۆ شەممە، 19ـ7-2025، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکەی ‘هایپەر مارکێتی’ شاری کوت، ئەنجامە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاند، دەرەنجامەکان بریتین لە ڕاگرتنی 17 بەرپرس و کارمەندی حکوومی و ڕاگرتنی سێ ئەفسەر بەهۆی کەمتەرخەمی، کە کارەساتەکەی گەورەتر کردووە و زیانەکانی زیاتر بوونە.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، میقداد میری، ڕایگەیاند، “لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی پێکهێنراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی و بەڵگە و پێداچوونەوەی مەیدانی لەگەڵ شایەتحاڵەکان، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، کەمتەرخەمییەکی ئاشکرا لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندەوە لە چەند بەشێکدا هەبووە، کە بووەتە هۆی خراپتربوونی کارەساتەکە و زیانەکانیشی زیاتر بوونە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاتی 17 بەرپرس و کارمەند لە پارێزگای واست، تا تەواوبوونی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە.
میقداد میری دووپاتی کردەوە، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن و دواتر بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.
هەواڵی پێشوو

