بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ لە عێراق، ئازادی ڕادەربڕین، له عێراق لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ساڵی ٢٠٢٥دا پلەی ١٥٥ی جیهانی بەدەستهێناوە، کە پلەیەکی خراپە و ئازادی ڕادەربڕین تیایدا کەمە.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی (المدى) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا باسی لەوە کردووە:” کە دۆخیی ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق پاشەکشەیەکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیووە، بەشێوەیەک کە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەستی کردووە بە سکاڵاکردن لە دادگا دژی ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لێ گرتووە.”
هاوکات چالاکوانان و نووسەرانی عێراق نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و هۆشداری دەدەن لەوەی کە دەوڵەت دەستی کردووە بە بەکارهێنانی یاساکانی سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو لە دژی نووسەران و ڕۆژنامەوانان.
د.فارس حرام، ئەکادیمی و چالاکوانی مەدەنی، بە ڕۆژنامەی (المدى) ڕاگەیاندووە: “واقیعی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق پاشەکشەی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیووە، بەشێوەیەک گەیشتووەتە ئەوەی سەرۆک وەزیران چەند سکاڵایەکی تۆمار بکات بۆ لێپێچینەوە و سزادانی ئەو کەسایەتییانەی کە ڕەخنەیان لە کارکردن و سیاسەتەکانی گرتووە لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتە.”
جێی باسە، لەکاتێکدا وڵاتە دیموکراسییەکانی جیهان بەبۆنەی ساڵڕۆژی مافەکانی مرۆڤەوە ئاهەنگیان دەگێڕا و بەشانازییەوە یادی ڕاگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی کردەوە، کەچی عێراق لە چەقی قەیرانێکی قووڵی مافەکانی مرۆڤدایە. چالاکوانان و نووسەران هۆشداری دەدەن کە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە عێراق لە پاشەکشەی مەترسیداریە و سیاسەتی دەم بەستن و گەڕانەوە بۆ یاساکانی دیکتاتۆری پێشوو، دیموکراسی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. عێراق لە پلەی ١٥٥ی ئازادی ڕۆژنامەگەریی جیهاندایە، کە تیایدا ڕۆژنامەنووسان تیرۆر دەکرێن، چالاکوانان ئەشکەنجە دەدرێن، و سەدان خۆپیشاندەر بوونە قوربانی بەبێ ئەوەی کەس لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.

