zagros news agency

هێرشەکانی ئیسرائیل ١٤ کەس لە لوبنان دەکوژن؛ هۆشداریش به‌ ناوچه‌یه‌ك ده‌دات چۆڵی بكه‌ن

 

دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل ١٤ کەس کوژراون و ٣٧ کەسیش بریندار بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دایە دانیشتووانی حەوت شارۆچکەی دەرەوەی ئەو “ناوچە دابڕاوەی” (buffer zone) کە پێش ئاگربەستەکە داگیری کردبوو، تاوەکو ناوچەکە چۆڵ بکەن. ئاگربەستەکە تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنێت.

وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە نێو کوژراوەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا دوو منداڵ و دوو ژن هەن. ئیسرائیل ڕایگەیاند کە یەکێک لە سەربازەکانی کوژراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی كراوه‌ ڕووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبێتەوە.

وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند، گرووپی چەکداری حزبوڵای لوبنان ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە بۆیه‌ ئیسرائیل لە دژی دەوەستێتەوە، داواشی لە خەڵک کرد بەرەو باکوور و ڕۆژاوا و دوور لەو شارۆچکانە بڕۆن.

شارۆچکەکان دەکەونە باکووری ڕووباری لیتانی و ئەو ناوچەیەی باشووری لوبنان کە هێزەکانی ئیسرائیل داگیریان کردووە و سەرەڕای ئاگربەستەکە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەردەوامن. سوپا ڕایگەیاندووە کە هێرشی کردووەتە سەر چەکدارانی حزبوڵا، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و کۆگایەکی چەک.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە قودس وتی: “لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەوەی پابەندمان دەکات بریتییە لە ئاسایشی ئیسرائیل، ئاسایشی سەربازەکانمان و ئاسایشی کۆمەڵگاکانمان. ئێمە بە توندی بەپێی ئەو یاسایانە دەجوڵێینەوە کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەروەها لەگەڵ لوبنانیش لەسەری ڕێککەوتووین.”

حزبوڵا ڕایگەیاند کە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی لوبنان و شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل ناوەستێنێت تا ئەو کاتەی ئیسرائیل بەردەوام بێت لە “پێشێلکارییەکانی ئاگربەست”. ئەو گرووپەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، لە بەیاننامەیەکدا وتیشی کە چاوەڕێی دیپلۆماسییەت ناکات “بێکاریگەرییەکەی سەلمێنراوە” و پشت بە دەسەڵاتدارانی لوبنانیش نابەستێت کە “لە پاراستنی وڵاتدا شکستیان هێناوە”.

ئاگربەستەکە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا لە ١٦ی نیسانەوە دەستی پێکردووە و تا ناوەڕاستی مانگی ئایار درێژکراوەتەوە، کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی لە دوژمنکارییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا هێناوەتە ئاراوە، هەرچەندە هەردوولا بەردەوامن لە تەقەکردن لە یەکتر و یەکتری بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لەو کاتەوەی نوێترین شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لە ٢ی ئازاردا دەستی پێکردووە (چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران)، زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. ئامارەکە ٢٧٧ ژن، ١٧٧ منداڵ و ١٠٠ کارمەندی تەندروستی دەگرێتەوە.

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌په‌له‌.. د.محه‌مه‌د خورشید بۆ زاگرۆس: پارتی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌م جاره‌ پێكه‌وه‌ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن ده‌گێرن

یاسین

مەسرور بارزانی: یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر پیرۆز بێت و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت

سەڵاح

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە

سەڵاح