بەرپرسێکی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران دەڵێت قەبارەی پاشماوەی بیناسازیی یەکە نیشتەجێبووە وێرانبووەکان لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە ڕادەیەکە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بارهەڵگر بۆ گواستنەوەیان پێویستە.
ئەبووعەلی گوڵزاری، ئەندامی ئەنجومەنی ستراتیژیی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، گوتی لە کاتی شەڕی ئەم دوایییەدا هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون وێران بوون و نزیکەی ١٠ ملیۆن تۆن پاشماوەی بیناسازی دروست بوو؛ ئەم پاشماوانە لەگەڵ پاشماوەی ئاسایی جیاوازن.
گوڵزاری ئاماژەی بەوەش دا زنجیرەیەک قەیرانی ژینگەیی وەک پیسبوونی ئاو، هەوا، خاک و بەڕێوەبردنی پاشماوەمان لە ئێراندا هەیە و دوای شەڕ ئەم قەیرانانە لە وڵاتدا زیاتر بوون. ئەم بەرپرسەی ژینگە پێشنیاری کرد پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بە دیدێکی جیاواز ئەنجام بدرێت؛ بۆ نموونە ئەگەر قوتابخانەیەک وێران بووە، باشترە وەک قوتابخانەیەکی سەوز دروست بکرێتەوە، یان نەخۆشخانەی وێرانبوو بە شێوەیەکی سەوز و ژینگەیی ئاوەدان بکرێتەوە. دەبێت بتوانین لە تەک ئەو گەشەپێدانەی بڕیارە دوای شەڕ ڕوو بدات، ژینگەش لە پێشینەی کارەکاندا دابنێین.

