نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “العربیە”ی سعوودیە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاگربەستە یان ڕێککەوتنی ئاشتی، گوتی: ئێمە پشتیوانی لە ئاشتی دەکەین، بەڵام ئەو ئاشتییە مەرجی تایبەتی هەیە و لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەگەینە ئەو بابەتە.
ناوبراو جەختی کردەوە لوبنان ئێستا لە واشنتن سەرقاڵی گفتوگۆی سەرەتاییە لەگەڵ ئیسرائیل تا زەمینە بۆ دانوستانی جیدیتر خۆش بکات. بە گوتەی نەواف سەلام، داواکارییەکانی بەیرووت بریتین لە: جێبەجێکردنی ئاگربەست، کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و ئازادکردنی ئەو زیندانییە لوبنانییانەی لە کاتی پێکدادانەکاندا دەستگیر کراون و لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان.
سەرۆکوەزیرانی لوبنان گوتیشی: دوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لوبنان، ئامادەی گفتوگۆین دەربارەی مەرجەکانی ئاشتی لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتر و عەرەبیدا، چونکە ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر وڵاتانی عەرەبیش دەبێت.
سەلام دانی بەوەدا نا حیزبوڵڵا وەک گرووپێکی لایەنگری ئێران، دژی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیلە؛ بەڵام ئەوەشی وەبیر هێنایەوە لوبنان پێشتریش لە ساڵی ١٩٨٣دا چووەتە نێو دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، هەرچەندە ئەو دانوستانانە ئەنجامیان نەبووە.
حیزبوڵڵا لە ٢ی ئادار و چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکایی و ئیسرائیلی بەرانبەر ئێران، مووشەکی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد؛ ئەو بابەتە بووە هۆی هێرشی ئاسمانیی قورسی ئیسرائیل و فراوانبوونی ئامادەیی زەمینیی سوپای ئەو وڵاتە لە لوبناندا. ئەو ئاگربەستەی لە ناوەڕاستی نیسانەوە لە نێوان هەردوولادا دەستی پێ کردبوو، تا ڕادەیەکی زۆر هەڵوەشاوەتەوە.

