zagros news agency

داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ 53% دابەزیوه

 

سوزان عەبدوڵڵا محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان، ڕایگەیاند که داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا بە ڕێژەی 53% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا داهاتە نا نەوتییەکان بە ڕێژەی 23.5% بەرز بوونەتەوە.

سوزان عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ “شەفەق نیوز” ئاماژەی بەوە کرد که داتاکانی هەژماری دەوڵەتی فیدراڵی، دەریانخستووە که کۆی گشتیی داهاتە گشتییەکان لە نزیکەی 72 تریلیۆن دینارەوە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2025 بۆ 39.1 تریلیۆن دینار دابەزیوە، بەمەش دابەزینێکی نیزیکەی 45.7% تۆمار کراوە.
ڕوونی کردەوە کە داهاتە نەوتییەکان لە نزیکەی 65 تریلیۆن دینارەوە لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دابەزیون بۆ 30.4 تریلیۆن دینار لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا، کە ئەمەش قەبارەی کاریگەریی کەمبوونەوەی سەرچاوە نەوتییەکان لەسەر دارایی فیدراڵی دەردەخات.

لە بەرامبەردا، داهاتە نا نەوتییەکان گەشەیەکیان بە ڕێژەی 23.5% تۆمار کردووە و گەیشتوونەتە نزیکەی 8.7 تریلیۆن دینار، بەراورد بە نزیکەی 7.1 تریلیۆن دینار لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد که پشکی داهاتە نەوتییەکان لە کۆی گشتیی داهاتەکان لە 90%ـەوە بۆ 78% دابەزیوە، لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی بەشداریی ڕێژەیی داهاتە نا نەوتییەکان؛ بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم بەرزبوونەوەیە هێشتا بڕێکی کەمە و ناتوانێت قەرەبووی ئەو دابەزینە گەورەیەی داهاتی نەوت بکاتەوە.

سەرۆکی دەستەی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان دووپاتی کردەوە کە گەورەکردنی داهاتە نا نەوتییەکان ئیتر تەنها بژاردەیەکی دارایی نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت؛ ئەمەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی وەرگرتن و باج، و بەهێزکردنی شەفافییەت و چاودێری لەسەر سەرچاوە فیدراڵییەکانەوە دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کوژرانی لانی کەم ١٠ فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە

سەڵاح

ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین

بەپەلە… وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی بینینی مانگەوە: تکایە پەلە مەکەن

سەڵاح