مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق ئەنجام بدات.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی راگەیاند: “مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق.”
بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ و هەستیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و سەرکردە سیاسییەکان، کە پەیوەستن بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە بودجە، مووچە و دۆسیەی نەوت و گاز.

