سیمیۆن سکرێپێتسکی، کارتۆنیستی ڕووسی و ڕەخنەگری ڤلادیمێر پوتین، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە پۆڵەندا بە فیشەک کوژرا. دوو هاووڵاتیی بیلاڕووسی لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستگیر کراون.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا، ئەم کارتۆنیستە ڕووسییە لە شاری بیاوا پودلاسکا لە ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا کوژراوە. مارچین کۆزاک، گوتەبێژی داواکاری گشتیی لوبلین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: «لێکۆڵینەوە لەبارەی کوژرانی هاووڵاتییەکی ٤٤ ساڵەی فیدراسیۆنی ڕووسیا بەردەوامە.» بە گوتەی ئەو، ئەم کەسە لە میدیاکاندا بە سیمیۆن سکرێپێتسکی دەناسرا.
بەرپرسانی پۆڵەندا دەڵێن سیمیۆن سکرێپێتسکی، کە ناوی ڕاستەقینەی ڕۆبێرت کۆزۆڤکۆڤ بووە، بەیانیی دووشەممە لە شەقامدا لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە سێ فیشەکی لێ دراوە. کاتێک ئەم هونەرمەندە کەوتووەتە سەر زەوی، هێرشبەرەکە لێی نزیک بووەتەوە و دوو فیشەکی تری لە مەودایەکی نزیکەوە پێوە ناوە. کەمێک دوای ئەم ڕووداوە، دوو هاووڵاتیی بیلاڕووسی لە نزیک کونسوڵخانەی بیلاڕووس لە هەمان شار دەستگیر کران.
سیمیۆن سکرێپێتسکی بە کارتۆنە پڕکێشەکانی ناوبانگی دەرکردبوو. بەرهەمەکانی زۆرتر کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕووسیای وەک ڤلادیمێر پوتین و جۆزێف ستالینی دەکردە ئامانج. ناوبراو وێنەی پوتین، ئەلێکسی ناڤالنی و ڕەمەزان قادیرۆڤی کێشابوو. یەکێک لە بەرهەمە ناسراوەکانی، کێشانەوەی تابلۆیەکی ئایینی بوو کە تێیدا ستالین وەک مریەمی عەزرا، پوتینی وەک حەزرەتی عیسا لە باوەش گرتبوو.
ئەم هونەرمەندە لە ترسی گۆشەگیریی سیاسی لە ساڵی ٢٠٢١وە لە پۆڵەندا دەژیا. لە کاتی تاراوگەشدا بەردەوام بوو لە چالاکییە هونەرییەکانی و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیادا بەشداریی دەکرد، هەرچەندە بە ئاشکرا ڕەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆنیش دەگرت.

