دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئێران قورسترین ململانێ بووە لەنێوان ئەو هەشت کێشەیەی کە توانیویەتی کۆتاییان پێ بهێنێت. ترەمپ لێکگەیشتنی دوایی نێوان واشنتن و تارانی وەک خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران وەسف کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هێشتا رێگەی دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندە، بەڵام هۆشداریشی دا، ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، بژاردەی دیکەیان لەبەردەستە و کارێک دەکەن کە ئێرانییەکان پێی دڵخۆش نەبن.
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی وڵاتانی سعوودیە، قەتەر و ئیماراتی کرد بۆ رۆڵیان لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەشی لەگەڵ ئەو سێ دەوڵەتە بە ناوازە ناوبرد. هەروەها ستایشی هەڵوێستی چینی کرد و رایگەیاند؛ بەنیازە لەمساڵدا سەردانی تورکیا و چین بکات. سەبارەت بە ئیسرائیلیش، جەختی کردەوە، پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە سەرەڕای هەندێک جیاوازی لە روانگەکاندا.
لە رووی ئابوورییەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، دوای رێککەوتنەکە، گەرووی هورمز بووژانەوەی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 700 کەشتی پێیدا تێپەڕ دەبن. گوتیشی ئەمە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی بەهێزی نەوت بۆ بازاڕەکان و دابەزینی زیاتری نرخەکەی لە داهاتوودا.
لە کۆتاییدا، ترەمپ ئاماژەی بە ئەنجامی راپرسییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ کرد، کە نیشانی دەدەن زۆرینەی خەڵک پشتگیری لەو رێککەوتنە و شێوازی مامەڵەی ئەو دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان.

