سەرەڕای گۆڕانکارییە خێراکان لە حکومەتی بەریتانیا و دەستلەکارکێشانەوەی کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیران، پشیلە بەناوبانگەکەی بەریتانیا بە ناوی “لاری” وەک خۆی لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەمێنێتەوە و خۆی بۆ پێشوازیکردن لە حەوتەمین سەرۆک وەزیران ئامادە دەکات.
لاری کە ئێستا تەمەنی 19 ساڵە، لە ساڵی 2011 و لەسەردەمی دەیڤید کامیرۆندا لە پەناگەیەکی ئاژەڵانەوە هێنرایە بارەگای سەرۆک وەزیران (ژمارە 10ی داونینگ ستریت) و نازناوی “گەورە ڕاوچی مشک”ی پێدرا.
ئەم پشیلەیە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، هاودەمی شەش سەرۆک وەزیرانی جیاوازی بەریتانیا بووە کە پێکهاتبوون لە:
دەیڤید کامیرۆن
تێریزا مەی
بۆریس جۆنسۆن
لیز تراس
ڕیشی سوناک
کییەر ستارمەر
میدیاکانی بەریتانیا لارییان وەک “سیمبولی بەردەوامی و جێگیری” لە وڵاتەکەدا ناوزەد کردووە، چونکە لە کاتێکدا سەرکردە سیاسییەکان بەردەوام دەگۆڕێن، ئەو وەک خۆی لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.
لاری بەهۆی دەرکەوتنی لە میدیاکان، پێشوازیکردنی لە سەرکردە جیهانییەکان و ڕەفتارە سەرنجڕاکێشەکانی، خۆشەویستییەکی زۆری لەلایەن هاووڵاتیانی بەریتانیا و جیهانەوە بەدەستهێناوە و بڕیاریشە لەگەڵ هاتنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، هەر لە کۆشکەکەدا بمێنێتەوە.

