لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان، کارەکانی پڕۆژەی بەیەکەوەبەستنی هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لە شاری هەولێر بەردەوامییان هەیە و ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نیوەی تێپەڕاندووە.
پڕۆژەکە کە شەقامێکی 60 مەترییە و بە گوژمەی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، درێژییەکەی 5 کیلۆمەترە. ئەم شەقامە لە گوندی “ئارام” و شاری “ئاتکۆنس”ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو شەقامی 150 مەتری. بەپێی تایبەتمەندییە ئەندازیارییەکان، شەقامەکە لە دوو ساید پێکدێت و هەموو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک (تۆڕی ئاوەڕۆ، ئاو، ڕووناککەرەوە و نیشانەکانی هاتووچۆ) لەخۆدەگرێت.
ئەندازیار ئەیوب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ڕایگەیاند: “تاوەکو ئێستا نزیکەی 2300 مەتر لە شەقامەکە قیرکراوە.” ئاماژەی بەوەش دا کە هاوکات کارکردن لە دوو شەقامی دیکەی 60 مەتری بەرەو پڕۆژەکانی (ماس هیڵز و زین) بەردەوامە.
پێشبینی دەکرێت لە مانگی 11ـی ساڵی 2026 پڕۆژەکە بە تەواوەتی کۆتایی بێت، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ و بوژانەوەی زیاتری ناوچەکە.

