zagros news agency

زیلێنسكی: جەنگمان گەیاندووەتە ناو جەرگەی ڕووسیا؛ پاڵاوگەیەکی ستراتیژی لە قوڵایی ٧٠٠ کیلۆمەتر پێکرا

 

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەنجامدانی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر پاڵاوگەیەکی گرنگی نەوت لە شاری “یارۆسلاڤڵ”ی ڕووسیا سەرکەوتوو بوون، کە نزیکەی ٧٠٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرانیاوە دوورە.

زێلێنسکی لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تێلێگرام ئاماژەی بەوە کرد: “شەوی ڕابردوو، هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا ئامانجە پەیوەندیدارەکانی پاڵاوگەی یارۆسلاڤڵیان لە قوڵایی خاکی ڕووسیا پەکخستووە.” جەختیشی کردەوە کە “ئێمە جەنگ دەگەڕێنینەوە بۆ ناو خاکی ڕووسیا، ئەمەش دادپەروەرییە.”

ئەم هێرشە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشە چڕەکانی کیێڤدایە بۆ سەر ژێرخانی وزەی ڕووسیا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو داهاتە داراییانەی مۆسکۆ بۆ تێچووی جەنگ بەکاریان دەهێنێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا، تەنیا لە نێوان ١ بۆ ٢١ی ئەم مانگەدا، ١١ دامەزراوەی نەوتی ڕووسیا کراونەتە ئامانج، کە پاڵاوگەی “کیریشی” (یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە) لەنێویاندایە.

سەرچاوە ئاگادارەکان و داتا فەرمییەکان بۆ ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاشکرایان کردووە، کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زۆربەی پاڵاوگە سەرەکییەکانی نەوت لە ناوەڕاستی ڕووسیا ناچار بوون بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕابگرن یان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی بکەنەوە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بەخۆوە بینیوە، هاوکات سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ڕووسیاش تا ڕادەیەک کەمکراونەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەکی نافەرمی سەرکردە ئەوروپییەکان گەیشتە وڵاتی قوبرس، تاوەکو لەوێ پشتگیری زیاتری نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکەی لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕووسیا بەدەستبهێنێت.

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی : سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

یاسین

په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگى له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسا گرنگه‌كان دا

یاسین

ئۆکراینا گەورەترین هێرشی درۆنی بۆ سەر ناوخۆی رووسیا ئەنجامدا؛ زێلێنسکی: جەنگ گەڕایەوە بۆ ناو خاکی رووسیا

سەڵاح