بەرپرسانی ئەمریکایی دەڵێن، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا بۆ مانەوە لە ناوچەکە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادەکاری دەکەن، دونالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی گفتوگۆی نهێنی دەربارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی کۆتایی جەنگ لەگەڵ ئێران کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرنال، ترامپ بە نهێنی ئەگەری دەرکردنی ڕاگەیاندنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران تاوتوێ کردووە. بەرپرسانی ئەمریکایی دەڵێن، سەرۆک ترامپ لە ئێستادا بۆ ئەم هەڵبژاردەیە زیاتر لایەنگرە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ترامپ پێیوایە زیادبوونی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران دەتوانێت لە کۆتاییدا تاران ناچار بکات بەرنامە ناوکییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، یان ڕووبەڕووی مەترسیی تێکچوونی ئابووری و سیاسی ببێتەوە.
ترامپ لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیال نووسیویەتی کە ئەمریکا ئێستا کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوی تەنگەی هۆرموزی هەیە و ئابووری ئێران بە شێوەیەکی توند دادەڕووخێت.
هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێننەوە
لەگەڵ ئەم ئاراستە سیاسییە، هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وێنەیەکی جیاواز پیشان دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، پیت هیگسێث، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ماوەی ناردنی هێزە ئەمریکاییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژ کردووەتەوە تا ساڵی ٢٠٢٧. ئەمەش ئەگەری بەردەوامبوونی ملمێلانێکە لەگەڵ ئێران بۆ ماوەیەکی درێژتر زیاد دەکات.
وۆڵ ستریت جۆرنال دەڵێت، کاتێک ئەمریکا نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر هێرش و ئۆپەراسیۆنی خۆی دژی ئێرانی دەستپێکرد، هیگسێث بەڵێنی دا کە ئۆپەراسیۆنەکە خێرا و کۆتاییبەخش دەبێت و ئەمریکا ناچێتە ناو جەنگێکی درێژخایەن.
بەڵام ئێستا، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ماوەی مانەوەی هێزەکان بە هێواشی درێژ دەکرێتەوە؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ملمێلانێکەکە لەوانەیە بۆ دوای سەرەتای ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت.
لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، نزیکەی ١٩ کەشتی جەنگی، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی، سکەوادڕۆنی فڕۆکە جەنگییەکان و هێزە چەکدارەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین جێگیر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە جێگیرکردنەی هێزەکان بارێکی قورس لەسەر سەربازان و خێزانەکانیان دادەنێت و کاری چاکسازی و چاودێریی کەرەستە سەربازییەکانیش کۆدەکاتەوە؛ کارێک کە لەوانەیە چەندین ساڵ بۆ تەواوکردنی پێویست بکات.

