خواردنەوەی پەرداخێک شەربەتی پرتەقاڵ لەسەر مێزی نانی بەیانی باوەڕێکی باوە لەلای زۆر کەس و بە ڤیتامینی “سی” و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە دەبەسترێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بە ڕاستی چی بەسەر جەستەدا دێت ئەگەر ئەم شەربەتە ببێتە خویەکی ڕۆژانە؟
وەڵامەکە تەنها ئەوە نییە کە بڵێین “بەسوودە” یان “زیانبەخشە”. شەربەتی سروشتیی پرتەقاڵ کۆمەڵێک مادەی خۆراکیی گرنگی تێدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازە لە خواردنی پرتەقاڵێکی تەواو، بەتایبەت لە ڕووی ڕیشاڵ (تۆوە)، شیرینی و هەستکردن بە تێربوون.
١. بڕێکی زۆر لە ڤیتامینی “سی”
دیارترین سوودی شەربەتی پرتەقاڵ پێشکەشکردنی ڤیتامینی “سی”یە، لەگەڵ پۆتاسیۆم، ترشی فۆلیک و کۆمەڵێک مادەی ڕوەکیی دژە ژەنگ.
کاریگەرییەکان: ڤیتامینی “سی” ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە کارکردنی سروشتیی سیستەمی بەرگری، یارمەتیدان لە دروستکردنی خانەکان و چاکبوونەوەی برین، هەروەها بەهێزکردنی مژینی ئاسن لە سەرچاوە ڕوەکییەکانەوە.
تێبینیی زانستی: دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان پشتگیریکردنی بەرگری و ئەو باوەڕەی کە خواردنەوەی ڕۆژانەی شەربەت ڕێگری لە نەخۆشی دەکات؛ چونکە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە کە تەنها شەربەتی پرتەقاڵ بکاتە ڕێگرێکی تەواو دژی پەتایەکان.
٢. کاریگەری لەسەر تەندروستیی دڵ
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک سوود بۆ تەندروستیی دڵ هەیە کاتێک شەربەتی پرتەقاڵ بە ڕێژەیەکی مامناوەند دەخورێت، بەڵام ئەنجامەکان هێندە یەکگرتوو نین کە بگوترێت شەربەتەکە پەستانی خوێن یان کۆلیسترۆڵ بۆ هەمووان کەم دەکاتەوە.
بۆیە نابێت وەک دەرمانێک بۆ بەرزبوونی پەستانی خوێن یان کۆلیسترۆڵ سەیر بکرێت، بەڵکو وەک خواردنەوەیەک کە دەکرێت بەشێک بێت لە خۆراکێکی هاوسەنگ.
هەروەها پۆتاسیۆمی تێدایە کە ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی پەستانی خوێن و کارکردنی لەشدا دەگێڕێت.
٣. مێشک و یادگە
ئەمە یەکێکە لە سوودە سەرنجڕاکێشەکان بەڵام پێویستی بە وریاکاری هەیە. پرتەقاڵ دەوڵەمەندە بە مادەی ڕوەکیی کە پێیان دەوترێت فلافانۆنات.
تاقیکردنەوە بچووکەکان دەریانخستووە کە خواردنەوەی شەربەتی دەوڵەمەند بەم مادانە پەیوەندیی هەیە بە باشتربوونی هەندێک تاقیکردنەوەی توانای مێشک و بیرکردنەوە.
لە تاقیکردنەوەیەکی هەڕەمەکیدا لەسەر ٣٧ کەسی بەتەمەنی تەندروست، پێوانەکانی کارایی مێشک دوای ٨ هەفتە لە خواردنەوەی شەربەتی دەوڵەمەند باشتر بوون.
سنووردارییەکەی: ئەم توێژینەوەیانە بچووکن و بەو مانایە نییە کە خواردنەوەی ڕۆژانەی شەربەتی پرتەقاڵ مرۆڤ لە لەبیرچوونەوە یان تێکچوونی مێشک لەگەڵ بەساڵداچووندا دەپارێزێت.
٤. کێشەی سەرەکی: شیرینی (شەکر)
سەرەڕای ئەوەی شیرینیی ناو شەربەتی سروشتیی پرتەقاڵ زیاتراوی نییە، بەڵام هێشتا شەکرە و بە شێوەی شل دەگاتە جەستە.
پرۆسەی گوشین بڕی ڕیشاڵەکان زۆر کەم دەکاتەوە، بە پێچەوانەی خواردنی پرتەقاڵی تەواو.
ئەمەش وا دەکات شەربەتەکە کەمتر هەستی تێربوون دروست بکات و ڕێگە بدات بڕێکی زۆرتر لە شیرینی و کاربۆهیدرات خێراتر بچنە ناو جەستەوە.
دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی خێرای شەکری خوێن بەراورد بە خواردنی پرتەقاڵی تەواو، بەتایبەت ئەگەر بڕێکی زۆر بخورێتەوە.
٥. بۆچی پرتەقاڵی تەواو سەرکەوتووە بەسەر شەربەتەکەیدا؟
ئەگەر هەڵبژاردن لە نێوان پرتەقاڵێکی تەواو و پەرداخێک شەربەتیدا هەبێت، پرتەقاڵە تەواوەکە ڕیشاڵی هەیە کە ئەم سوودانەی پێدەبەخشێت:
یارمەتی هەستکردن بە تێربوون دەدات، پرۆسەی هەرسکردن و مژینی شیرینی خاو دەکاتەوە.
خواردنی پرتەقاڵ کاتی زیاتری دەوێت، ئەمەش کۆنتڕۆڵکردنی بڕی خواردنەکەی ئاسانتر دەکات.
ئایا دەکرێت هەموو ڕۆژێک بخورێت؟
بۆ کەسی تەندروست: دەکرێت شەربەتی سروشتیی پرتەقاڵ بخرێتە ناو خۆراکی ڕۆژانەی هاوسەنگەوە، بە مەرجێک هاوسەنگی تێدا بپارێزرێت و هەڵبژاردنەکەش بۆ شەربەتی سەددرەسەد سروشتی بێت بە بێ شەکر بۆ زیادکردنی تام.
بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە: کاریگەریی شەربەتەکە لەسەر شەکری خوێن زۆر خێراترە لە میوەی تەواو، بۆیە دەبێت بڕەکەی لەناو سیستەمی خۆراکیی تایبەتی خۆیاندا بە وردی هەڵسەنگێنن.
کۆتاییەکەی: پێویست ناکات شەربەتی پرتەقاڵ وەک “خواردنەوەیەکی سیحراوی” یان “زیانبەخش” سەیر بکرێت. ئەو سەرچاوەیەکی باشی مادە خۆراکییەکانە، بەڵام پرتەقاڵی تەواو لە ڕووی ڕیشاڵ و تێرکردنەوەوە سەرکەوتووەترە. بە کورتی: شەربەت دەکرێت بەشێک بێت لە خۆراکی تەندروست، بەڵام زۆر خواردنەوەی مانای بەدەستهێنانی سوودی زیاتر نییە.

