ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی هەماهەنگییە داراییەکان و پاڵپشتییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و سەقامگیری لە عێراق کرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ی ئابی 2026)، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە نزار ناسر حەسەن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕاوێژکاری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی چەند پرسێکی گرنگی دارایی و ئابووری کرا کە جێگەی بایەخی هەردوولایە.
لەم دیدارەدا، هەردوولا تیشکیان خستە سەر دیارترین ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، هەروەها گۆڕینەوەی بیرۆکە و دیدگاکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانەکان تاووتوێ کرا.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لەم چوارچێوەیەدا، فارس عیسا دووپاتی کردەوە کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی کارەکانی عەلی ئەلزەیدی و حکومەتەکەی دەکات، بە ئاراستەی چەسپاندنی سەقامگیری و سەرخستنی کارنامەی چاکسازی.
هەر لە دیدارەکەدا، باس لەو ڕێککەوتنە هاوبەشە کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوان ئەنجومەنی پیشەی وردبینی فیدراڵی و ئەنجومەنی پیشە و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەو هەنگاوەی بە “نایاب” وەسف کرد بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی و ڕێکخستنی چالاکییە ئابوورییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، نزار ناسر حەسەن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیەتی، بەتایبەت لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەدا.

