توێژەرانی زانکۆی حکوومی باشووری ئۆرالی رووسیا لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرایان کردووە، رووەکی ئالۆڤێرا خاوەنی تایبەتمەندی سوودبەخش و زیانبەخشە لە یەک کاتدا. ئەگەر هەندێک لە پێکهاتەکانی رووەکەکە بە هەڵە بەکاربهێنرێن، لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی خانەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر ترشە ناوەکییەکە (DNA) هەبێت.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن تیمێکی کۆلێژی زانستە پزیشکی و بایۆلۆژییەکانی ئەو زانکۆیە بە سەرۆکایەتیی ئیرینا بوتۆرۆکو ئەنجامدراوە، بە وردی شیکاری بۆ چارەسەرە میللییەکان کردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئالۆڤێرا لە پاڵ تایبەتمەندییە سوودبەخشەکانیدا، هەندێک پێکهاتەی دیکەشی تێدایە کە لەوانەیە زیانبەخش بن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ناوپۆشی گەڵاکە یان جیلی ئالۆڤێرا لە 99%ـی ئاو پێکهاتووە. بەشەکەی دیکەی رووەکەکە مادەی پۆلیساکاریدی تێدایە، کە خانە بەرگرییەکان چالاک دەکات، هەوکردن کەمدەکاتەوە، هەروەها چاکبوونەوەی برینەکان خێرا دەکات و شانەکان نوێ دەکاتەوە.
لە تاقیکردنەوە تاقیگەیییەکاندا دەرکەوتووە، ئەو مادەیە هانی میکانیزمی لەناوبردنی خۆیی خانە تێکشاوەکانی داوە. ئەم دۆخە سەرنجی توێژەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و وەک تایبەتمەندییەکی گرنگی رووەکەکە پۆلێن کراوە.
هاوکات توێژینەوەکە روونیکردەوە، توێکڵی رووەکی ئالۆڤێرا مادەی لاتێکسی تێدایە کە ئەنتراکینۆنەکانی لەخۆگرتووە، بەتایبەتی مادەی ئالۆین و ئالۆ-ئێمۆدین. ئەگەر ئەو پێکهاتانە بە شێوەیەکی ناڕاست بەکاربهێنرێن، لەوانەیە خانەکان تووشی هەوکردن بکەن و کاریگەری لەسەر ترشە ناوەکییەکە دابنێن.
ئەم دۆزینەوانە پێویستی وریایی زیاتر لە کاتی توێژینەوە و بەکارهێنانی ئالۆڤێرادا دەسەلمێنن. پێویستە بەکارهێنەران و توێژەران لە داهاتوودا جیاکاریی ورد لە نێوان بەشە سوودبەخش و زیانبەخشەکانی ئەو رووەکەدا بکەن.

