ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕاگەیێندراوێك لە مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك _ گەرمیان پارتی دیموكراتی كوردستان

 

بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراقی ژمارە (118/2025) لە بەرواری 22/1/2025، بەڕەتكردنەوەی تانەكان لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری کەرکوک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەشێك لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە، فەسڵێكی دیكە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاكان لەپرۆسەی دیموكراسی و دەستوریی عێراقدا پێك دێنێت بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی، هەروەها بێ گوێدانە پیرۆزیی وەزیفەی دادگا و بەرژەوەندیی گشتی و هەستیاری بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا.

ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسا پێکدەهێنێت، هەروەها پێشێلکردنی ئەو ڕێکارە یاساییانەیە کە گەرەنتیی شەفافیەت و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پڕۆسەی دیموکراسیدا دەکەن. ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەراوێزخستنی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەن لە بەشداری كردن لەبڕیاردان لەچارەنووسی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی پارێزگاكەیان، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە پێکهاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنە و سەرپێچیەكی زەقی (بڕگەی چوارەم لە ماددەی 35) یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە 12 ساڵی 2018 هەمواركراو و ماددەكانی یاسای پارێزگاكانی لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون ژمارە 21 ساڵی 2008 هەمواركراوە.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین کە هەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی کەرکوک دەکات، هەروەها دەبینین كە گورزێكی توند لە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و هەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەهێز دەکات، ئەمەش مامەڵەی جددی و بەرپرسانەی هەموو لایەکی دەوێت.

کەرکوک مۆدێلی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئاینییە، هەر ڕێوشوێنێک بە پشتگوێخستنی شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی و بەبێ ڕێزگرتن لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان بگردرێتەبەر، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا. لەم سۆنگەیەوە، داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەكان دەكەین كە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، و یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكەن و ئەو هەڵوێستە چەوتە ڕاست بكەنەوە. بەرپرسیارێتی خۆیان لە دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگرنە ئەستۆ، بۆ مسۆگەركردنی پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور کە مافی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک داكۆكیكاری شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، و درێغی ناکات لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای كەركوك بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەشداریی و شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە ژیانی كەركوكیەكان بەبێ دەستێوەردانی نایاساییانە و پێشێلكردنی بنەماكانی دەستور، بۆیە بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و دەستورییەكان بكەین لەپێناو راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت.

 

مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك _ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان

23-01-2025

هەواڵی پەیوەندیدار

پرێمەرلیگ.. نیوکاسڵ دوو خاڵی گرنگی لە مانسیتی وەرگرت

یاسین

هەولـێر … ئاگر لە چەند دووکانێک لەسەر شەقامی 60 مەتریی کەوتەوە

سەڵاح

شاندێکى هەرێم لە کردنەوەى پیشانگایه‌ك له‌ ئه‌سته‌نبۆل بەشداری کرد

سەڵاح