zagros news agency

ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکردنی شوێنی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی تەرخان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە، 27-4-2026، رایگەیاند، پاداشتێکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ هەر کەسێک کە زانیارییەک بدات ببێتە هۆی دەستگیرکردن یان دەستنیشانکردنی شوێنی حەیدەر مەزهەر، ناسراو بە “حەیدەر غەراوی”، سەرکردەی بزووتنەوەی “ئەنساروڵڵای ئەوفیا”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا غەراوی بەوە تۆمەتبار دەکات کە سەرکردایەتی گرووپێک دەکات کە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی عێراقی و سەربازانی ئەمریکی. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “یارمەتیمان بدەن بۆ ڕاگرتنی ئەم تیرۆریستە زانیارییەکانتان بنێرن”.
ئەم بزووتنەوەیەی غەراوی خاوەنی کوتلەیەکی پەرلەمانییە لە عێراق و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” دایە کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە دژی سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی عێراق. پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ڕابردووشدا، ئەمریکا پاداشتێکی هاوشێوەی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ زانیاری لەسەر هاشم فینیان ڕەحیم سەراجی، ناسراو بە “ئەبو ئالا وەلائی”، سەرکردەی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا ڕاگەیاندبوو. وەلائی تۆمەتبارە بەوەی سەرکردایەتی گروپێکی لایەنگری ئێران دەکات کە لە عێراق و سوریا هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و سەربازانی ئەمریکا.
هەروەها نزیکەی 10 ڕۆژ پێش ئێستا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەمان بڕی پاداشتی بۆ ئەحمەد حەمیداوی، سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق دیاری کردبوو، بەهۆی تێوەگلانی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە مانگی ئاداری 2026 و ساڵانی ڕابردوودا.

هەواڵی پەیوەندیدار

زێلێنسکی: سەربازانی کۆریای باکوور تێکەڵی سەربازنی رووسیا دەبن

سەڵاح

بانگکردنی باڵیۆزی پۆڵەندا لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران

سەڵاح

شاندێکی حەماس بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست سەردانی مسر دەکات

دڵشاد