دوای پێنج ساڵ لە گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات، تاڵیبان سنووردارکردنی مافەکانی ئافرەتانی لە ئەفغانستان توندتر کردووە. لە شاری هیرات، “پۆلیسی ئایینی” ژمارەیەک ئافرەتی بە بیانووی پابەندنەبوون بە پۆشاکی دیاریکراو دەستبەسەر کرد.
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یۆناما) نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بەم کارانە دەربڕی. شایەتحاڵەکان دەڵێن چەکدارانی تاڵیبان لە شەقامەکاندا پشکنین دەکەن و ئەو ئافرەتانەی “بورقە یان چادر”یان لەسەر نییە، دەستبەسەریان دەکەن. یەکێک لە ئافرەتەکان گوتی: “هەمووان ترساون و مامۆستایانی ئایینی فەرمانیان داوە ئافرەتان تەنها بە پۆشاکی تەواوەوە بچنە دەرەوە.”
وەزارەتی فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە ڕایگەیاندووە ئەمە “فەرمانی خودایی و یاسایە” و دەبێت جێبەجێ بکرێت. بەهۆی ئەم فشارانەوە، ئافرەتان لە ناو بازاڕ و شەقامەکاندا کەم بوونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات ئەفغانستان بووەتە “گۆڕستانی مافەکانی مرۆڤ”. یاسا نوێیەکانی تاڵیبان ڕێگە بە سزادانی ئافرەتان و تەنانەت توندوتیژیی خێزانیش دەدەن. هەروەها سزای توند بۆ دژبەرانی ڕێبەرەکەیان و کەمینە ڕەگەزییەکان دیاری کراوە.

