zagros news agency

وەزیری دارایی فیدراڵ: سیستمی ئەلیکترۆنی لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2-9-2026، فالح ساری، وەزیری دارایی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بۆ بەدواداچوونی رێڕەوی پەرەپێدانی کاری گومرگی، تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئۆتۆماتیککردن، بەستنەوەی ئەلیکترۆنی و بەرزکردنەوەی توانای کۆکردنەوەی داهات ساز کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ثامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ و ژمارەیەک بەرپرس و شارەزا، لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (ئۆنکتاد) ئامادە بوون.

بەشداربووان گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوە کردەییەکانی قۆناخی داهاتوو کرد، بەتایبەت پەرەپێدانی سیستمی ئەسیکودا (ASYCUDA)، فراوانکردنی مەودای ئۆتۆماتیککردن و تەواوکاریی داتاکان. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی جێبەجێکردنی سیستمەکە لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکخستنی رێکارەکان، بەهێزکردنی چاودێری و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی بوو.

ثامر قاسم داود رێکارە گیراوەبەرەکانی لە بواری گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و دیارترین پڕۆژە و پلانی داهاتووی بۆ بنیاتنانی سیستمێکی گومرگیی ئەلیکترۆنیی تۆکمەتر و کاراتر روونیکردەوە. شارەزایانی رێکخراوی (ئۆنکتاد) راپۆرتێکی هونەرییان لەبارەی پێداویستییەکانی پەرەپێدانی سیستمەکە، فراوانکردنی مەودای جێبەجێکردنی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی گومرگیی هاوچەرخ پێشکەش کرد.

فالح ساری داوای کرد رێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی کۆکردنەوەی باجی گومرگی لە کاتی گواستنەوەی داراییدا ئامادە بکرێن، کە بڕیارە لە 1ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو دەست پێ بکات. وەزیری دارایی جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەی وردی و شەفافییەتی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات، سنووردارکردنی ساختەکاری، خۆدزینەوە لە باج، گەرەنتیی پاراستنی مافەکانی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی توانای دارایی گرنگییەکی زۆری هەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، تەواوکردنی پێداویستییە هونەری و کارگێڕییەکان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکودا لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی لە ماوەیەکی نزیکدا دێت، بە جۆرێک کە تەواوکاریی ئەلیکترۆنی و یەکخستنی رێکار و زانیارییەکان لەنێوان دەروازە گومرگییەکاندا بەهێز بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

پردێک بۆ کۆمەڵگەی ئاوێنەی شار دروست دەکرێت

یاسین

پەرلەمانی عێراق هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدانی په‌سند كرد

دڵشاد

بەرێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی: پرۆژەی رووناكی بەهەدەردان و بەفیڕۆچوونی كارەبا كەم دەكاتەوە

یاسین