زانیارانی نێودەوڵەتی پەرەیان بە سێستەمێکی نوێی زیرەکیی دەستکرد بە ناوی “هەتایرۆس” دا. ئەم سێستەمە دەتوانێت جۆرە مۆلیکولییەکانی گرێی مێشک و دڕکەپەتک تەنیا لە چەند خولەکێکدا دەستنیشان بکات. پێشتر ئەم کارە پێویستی بە تاقیکردنەوەی جینەتیکیی ئاڵۆز، گرانبەها و کاتبر هەبوو، هەندێک جار تا دوو هەفتەی دەخایاند.
ئەم سێستەمە لە لایەن توێژەرانی ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجەی ئەڵمانیا (DKFZ)، زانکۆی هایدێلبێرگ و چەند ناوەندێکی تری زانستی پەرەی پێ دراوە. هەتایرۆس بە بەکارهێنانی “فێربوونی قووڵ” ڕاهێنراوە تا تەنیا لە ڕێگەی وێنەی ئاسایی شانەی گرێیەکەوە، تایبەتمەندییە مۆلیکولییەکانی شێرپەنجە پێشبینی بکات.
کۆسپە گەورەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مێشک
ئەمڕۆ دەستنیشانکردنی وردی زۆرێک لە گرێیەکانی مێشک تەنیا بە وردبوونەوە لە شێوەی خانەکان لەژێر مایکرۆسکۆپدا ئەنجام نادرێت. پزیشکان بۆ ناسینەوەی وردی جۆری شێرپەنجە پێویستیان بە تاقیکردنەوەیەک بە ناوی “مێتیلاسیۆنی DNA” هەیە. ئەم ڕێگەیە گۆڕانکارییە کیمیاییەکانی سەر DNAی خانە شێرپەنجەییەکان دەپشکنێت و ئێستا وەک ستانداردێکی زێڕین بۆ دەستنیشانکردنی گرێیەکانی کۆئەندامی دەمار دەناسرێت.
بەڵام ئەم تاقیکردنەوەیە پێویستی بە ئامێری پێشکەوتوو، تاقیگەی پسپۆڕ، تێچووی زۆر و بڕێکی پێویست لە نموونەی شانەکە هەیە. ئامادەکردنی ئەنجامەکە بە شێوەیەکی ئاسایی ١٢ ڕۆژی پێ دەچێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی کەمدەرامەتیشدا بە بنەڕەت ئەم جۆرە ئامێر و توانایانە بەردەست نین.
ڕاهێنان لەسەر زیاتر لە ١١ هەزار نموونە
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، توێژەران هەتایرۆسیان بە بەکارهێنانی زیاتر لە ١١ هەزار وێنەی دیجیتاڵیی شانەی گرێی ٩٦٠٦ نەخۆش ڕاهێنا. ئەم نەخۆشانە سەر بە ١١ ناوەندی چارەسەری جیاواز لە چوار کیشوەری جیهان بوون.
ئەنجامی کۆتایی هەموو ئەم نموونانە پێشتر بە تاقیکردنەوە پێشکەوتووەکانی مێتیلاسیۆنی DNA پشتڕاست کرابوونەوە. ئەمەش وای کرد زیرەکیی دەستکرد پەیوەندی نێوان شێوەی خانەکان و تایبەتمەندییە جینەتیکییەکانی گرێکان فێر ببێت. ئێستا ئەم سێستەمە دەتوانێت ١٠٢ جۆری جیاوازی مۆلیکولیی گرێی مێشک و دڕکەپەتک بناسێتەوە. ئەمەش زۆربەی ئەو جۆرانە دەگرێتەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دانی پێدا ناون.
زیرەکیی دەستکرد چۆن لە ڕێگەی وێنەوە لە جینەتیکی شێرپەنجە دەگات؟
بە گوتەی توێژەران، گۆڕانکارییە جینەتیکییەکان لە خانە شێرپەنجەییەکاندا دەبنە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاریی زۆر ورد لە شێوە، ڕیزبەندی و شێوازی پێکەوەبەستنی خانەکان. ئەم جیاوازییانە بۆ چاوی مرۆڤ نابینرێن، بەڵام ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی قووڵ دەتوانن بیاندۆزنەوە. هەتایرۆس فێر بووە ئەم شێوازە مایکرۆسکۆپییانە بە تایبەتمەندییە مۆلیکولییەکانەوە ببەستێتەوە و لە وێنەیەکی سادەی شانەکەوە زانیاریی جینەتیکیی قووڵ دەربهێنێت.
سەرکەوتن بەسەر پسپۆڕانی خاوەن ئەزمووندا
بەشێکی سەرنجڕاکێشی ئەم توێژینەوەیە بەراوردکردنی ڕاستەوخۆی هەتایرۆس بوو لەگەڵ پسپۆڕانی ناوداری پاتۆلۆژیی دەمار. لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیدا، پێنج پسپۆڕی باڵای نێودەوڵەتی و سێستەمی زیرەکیی دەستکرد بە جودا ٢١٠ نموونەی سەختی گرێی مێشکیان پشکنی.
ئەنجامەکان نیشانیان دا هەتایرۆس لە دەستنیشانکردنی کۆتاییدا گەیشتە وردیی ٦٨٪، لە کاتێکدا تێکڕای وردیی پسپۆڕەکان تەنیا ٣٠٪ بوو. ئەگەر سێ ئەگەرە یەکەمەکان هەژمار بکرێن، وردیی زیرەکیی دەستکرد گەیشتە ٨٤٪، لە کاتێکدا پسپۆڕەکان بە تێکڕا ٥٠٪ سەرکەوتوو بوون.
لە ١٢ ڕۆژەوە بۆ ١٢ خولەک
لە توێژینەوەیەکدا، تاقیکردنەوە مۆلیکولییەکان بە تێکڕا ١٢ ڕۆژیان خایاند. بەڵام هەتایرۆس دوای ئەوەی وێنەی شانەکە کرا بە دیجیتاڵ، تەنیا لە ١٢ خولەکدا ئەنجامەکەی لەسەر کۆمپیوتەرێکی ئاسایی پێشان دا. توێژەران دەڵێن بە هەژمارکردنی کاتی ئامادەکردن و پشکنینی نموونەکە، لە زۆر باردا دەتوانرێت لە ماوەی ٢٤ تا ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامێکی جێی متمانە بدرێتە پزیشکان.
سێستەمێکی ژیر کە دەرەجە بە خۆی دەدات
تایبەتمەندییەکی گرنگی هەتایرۆس ئەوەیە ڕادەی متمانەی خۆی بە ئەنجامەکە ڕادەگەیەنێت. ئەم سێستەمە لە ٥٠٪ تا ٧٠٪ی بارەکاندا، دەستنیشانکردنەکانی بە “متمانەی بەرز” بڵاو دەکاتەوە. لەم نموونانەدا وردیی دەستنیشانکردن دەگاتە ٨٧٪ تا ٨٨٪. تەنانەت ئەگەر بە تەواویش دڵنیا نەبێت، دەتوانێت زیاتر لە ١٠٠ ئەگەر بۆ چەند بژاردەیەکی کەم کورت بکاتەوە. ئەمەش کار بۆ پزیشکان ئاسان دەکات تا تاقیکردنەوە تەواکارییەکان هەڵبژێرن.
نابێتە جێگرەوەی پزیشکان
توێژەران جەخت دەکەنەوە ئامانجی هەتایرۆس لادانی پزیشکان یان تاقیکردنەوە مۆلیکولییەکان نییە. دکتۆر فێلیکس زام، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، گوتی ئەم سێستەمە وەک یاریدەدەرێکی دەستنیشانکردن کار دەکات. ئەمە دەتوانێت پڕۆسەکە خێراتر و هەرزانتر بکات. بەتایبەت لەو وڵاتانەی دەستیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ناگات، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.
هەتایرۆس ئەو بەشانەی وێنەکە دیاری دەکات زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکەی هەبووە. ئەمەش ڕێگە بە پزیشکان دەدات لۆژیکی زیرەکیی دەستکرد بپشکنن. زانایان بڕوایان وایە ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە سەرەتای نەوەیەکی نوێی پاتۆلۆژیی دیجیتاڵ.

