دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی پەیامێکەوە پیرۆزبایی هاوسەرگیری لە دۆناڵد جونیۆری کوڕی کرد. لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمریکا داوای لێبوردنی لە کوڕەکەی کرد کە ناتوانێت لەم بۆنە خێزانییە گرنگەدا لەگەڵیاندا ئامادە بێت.
سەبارەت بە هۆکاری ئامادەنەبوونیشی لە ئاهەنگەکەدا، ترەمپ ڕوونیکردەوە کە بەهۆی سەرقاڵبوونی بە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی حکوومەت و پابەندبوونی بە بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر وڵاتەکەی، نەیتوانیوە ئامادەبێت لەو ئاهەنگەدا.
ئاماژەی بەوە دا کە ئەرکە نیشتمانییەکانی ڕێگەی پێ نادەن لە ئێستادا واشنتۆن جێبهێڵێت.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: “پیرۆزبایی لە (دۆناڵد جونیۆر و بێتینا) دەکەم بەبۆنەی هاوسەرگیرییانەوە. من لەبەر بارودۆخی کارەکانی حكوومەت و خۆشەویستم بۆ ئەمریکا، ڕێگە بەخۆم نادەم لە ئاهەنگەکەتاندا ئامادەبم.”
لە کۆتایی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر گرنگی مانەوەی لە پایتەخت کردەوە و گوتی: “پێم باشترە لەم کاتە گرنگەدا لە واشنتۆن و کۆشکی سپی بمێنمەوە، چونکە هەست دەکەم مانەوەم لەم کاتە هەستیارەدا لە واشنتۆن دی سی زۆر پێویست و گرنگە.”

